سووریا..هێزەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردووەتە سەر داعش

ڕۆیتەرز؛ ئەو بیناییەی، کە هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی کردبوو سەر ئەندامێکی داعش
ڕۆیتەرز؛ ئەو بیناییەی، کە هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی کردبوو سەر ئەندامێکی داعش

بەگوێرەی ئاژانسێکی ئەمەریکی، هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هێرشیان کردووەتە سەر ئەندامێکی باڵای داعش، کە ئەندامەکە هاووڵاتی عێراق بووە و هاوسەرگیری لەگەڵ هاووڵاتییەکی فەرەنسی کردووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی و سەرچاوەیەکی ئەمنی سووری بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئابی 2025، نزیک کاتژمێر 2ـی بەرەبەیان بەکاتی سووریا، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا لە شارۆچکەی ئەتمێ لە پارێزگای ئیدلب، هێرشیان کردووەتەوە سەر داعش و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ئەو گرووپەیان کوشتووە.

ئاماژەشی داوە، ئەو ئەندامە هەوڵیداوە ڕابکات، بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە ڕێگری لێبکەن و بە ئامانجی بگرن.

لەو کاتەی حکوومەتی نوێی سووریا دەستبەکار بووە، ئەمە دووەم هێرشی ئاشکرای هێزەکانی ئەمەریکایە لە باکووری سووریا، حکوومەتی دیمەشقش بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بەڵێنی داوە ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەشێکە لە هاوپەیمانییەتی دژ بەو گرووپە بکات.

ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا ناسنامەی ئەو ئەندامەی داعش ئاشکرا نەبووە، بەڵام بەگوێرەی لێدوانی بەپرسێکی ئەمنی ئەمەریکی، کوژراوەکە ئەندامێکی باڵای داعشبووە و هاووڵاتی عێراق بووە و هاوسەرگیری لەگەڵ هاووڵاتییەکی فەرەنسیدا کردبوو، هاوکات چارەنووسی هاوسەرەکەی دیار نییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە، هاوکات هێزە خۆجێیە سوورییەکان گەمارۆی گەڕەکەکەیان دابوو و هێزەکانی ئەمەریکاش هێرشەکەیان کردبوو.

لە مانگی تەمموزدا، پنتاگۆن ڕایگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر داعش لە پارێزگای حەلەب، سەرکردەیەکی باڵای ئەو گرووپە و دوو کوڕی کرانە ئامانج و کوژران.