هەرێمی کوردستان ساڵانە دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن ئالیک بەرهەم دەهێنێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئابی 2025، فیراز سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک لە هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دەگاتە دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ، بەشێکی بەرچاوی کەرەستەی خاوی پێویست بۆ ئەم کارگانە لەناوخۆی هەرێمدا دابین دەکرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ڕایگەیاند، جووتیارێکی زۆر ڕوویان لە چاندنی گەنمەشامی کردووە، کە دوای وشککردنەوەی لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە دروستکردنی ئالیکدا بەکاردەهێنرێت. هەروەها گەنم و جۆش لەو بەرهەمە ناوخۆییانەن کە لەم پیشەسازییەدا سوودیان لێوەردەگیرێت.
فیراز سدیق، ئاماژەی بەوەش دا، هەندێک کەرەستەی دیکە وەک سۆیا و زەیتی ئالیک، لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەم کەرتە.
باسی لەوەش کرد، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، پێشبینی دەکرێت لە کابینەی دەیەمیش ئەو گرنگیدانە بەردەوام بێت.
فیراز سدیق، ڕاشیگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، لیخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کەرەستانەی لە بەرهەمهێنانی ناوخۆ بەکار دەهێنرێت کراوە، کە حکوومەت بەبێ باج و ڕسومات رێگەی بە هاوردەکردنی ئەو کەرەستانە داوە کە بۆ دروستکردنی هۆڵەکان و کارگەکان بەکار دێت.