پیدرسن: گرنگە ڕێككهوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق جێبهجێ بكرێت

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، هیوادارە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق بەرەوپێش بچن. دەشڵێت: گرنگە پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکرێت.
پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە بارەی دۆخی سووریا کۆبووەوە.
گییەر پیدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: تیرۆریستانی بیانی هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی سووریا، دەسەڵادارانی وڵاتەکەش بە وریاییەوە پابەندیی خۆیان دووپات کردووەتەوە لە گرتنەبەری هەموو ڕێککارێکی پێویست دژی تیرۆریستانی قاعیدە و بیانییەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، دەڵێت: هیوادارم پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەوپێش بچن. جەختی لەوەش کردەوە، گرنگە پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکرێت.
هاوکات پیدرس باسی لە دۆخی پارێزگای سوەیدا کرد و گوتی: حکوومەتی ئێستای سووریا بەرپرسیارە لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوەیدا، سەرکۆنەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە دەکەین کە بینیمان کەسێکی سڤیل لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە بە دڕندانەترین شێوە کوژرا.
گییەر پیدرسن ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی کاتیی پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی تاوانبارانی ڕووداوەکانی سوەیدا، دەبێت ڕاپۆرتی لیژنەکە بە ئاشکرا بۆ خەڵک بڵاو بکرێتەوە، هەروەها کەسانی تاوانباریش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت سەرکردەی هەموو لایەنەکان لە سووریا بەپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرن و کۆتایی بە جوداخوازی و دابەشکاری بێنن.
هەر لە بارەی دۆخی سوەیداوە، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ئاشکرای کرد، دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست، ئێستا دۆخی پارێزگاکە ئارامە و ئێمە بە وردی چاودێریی دەکەین. گوتیشی: پێویستە ڕێز لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت لە ئاییندەدا توندوتیژی نەمێنیت و دۆخی سووریا ئارام و سەقامگیر بێت، هەروەها پێویستە هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەدا یەکبخرێنەوە.
لە 10ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە حکوومەتی نوێی سووریا، لەوانەش دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، هەروەها ڕێککەوتنەکە یەکپارچەیی خاکی سووریای دووپات کردەوە و دابەشکردنیشی ڕەت کردەوە، لەو کاتەوە چەندین دانیشتن و دانوستاندن بەڕێوە چووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لەم بارەوە نەهاتووەتە دی.