ئیسرائیل.. لە هێرشێکی چەکداریدا دوو کەس کوژران و حەوت کەسیش بریندار بوون
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر چوار شوێنی جیاواز لە ناوچەی کۆخاڤ یائیر لە ناوەڕاستی ئیسرائیل، دوو کەس کوژران و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەکان یەکێک لە گومانلێکراوەکانیان دەستگیرکردووە و یەکێکی دیکەشیان بێلایەن کردووە (کوشتن یان بریندارکردن). هاوکات گەڕان بەدوای گومانلێکراوێکی دیکەدا بەردەوامە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچەکانی "تسور و تسور یتسحاق" بڵاوەیان پێکراوە. هەروەها داوا لە دانیشتوانی ناوچەی تسور یتسحاق کراوە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە تا ئەو کاتەی مەترسییەکە کۆتایی دێت، چونکە گومان دەکرێت هێرشبەرێکی دیکە لە ناوچەکەدا مابێت.
دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەرەکان و وردەکاریی زیاتری رووداوەکە.