هەولێر.. نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری دەروونی دەکرێتەوە

لە شاری هەولێر، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری تەندروستیی تووشبووانی نەخۆشی دەروونی دەکرێتەوە، نەخۆشخانەکەش لە لایەن خێرخوازێکەوە دروست دەکرێت و پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

هەینی، 22ـی ئابی 2025، کارزان نعمەت غازی، بەڕێوەبەری ئەندازە و پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو نەخۆشخانەیە لە لایەن خێرخوازێکەوە لەسەر ڕووبەری سێ هەزار و 49 مەتری دووجا دروست دەکرێت و پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

گوتیشی: گوژمەی دروستکردنی نەخۆشخانەکە شەش ملیۆن دۆلارە، زەوییەکەشی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان کراوە، دوای دەستبەکاربوونیشی تووشبووانی نەخۆشی دەروونی بەبێ بەرانبەر چارەسەر دەکرێن، هاوکات ستافێکی شارەزا و ئامێری پێشکەوتوو لە نەخۆشخانەکە دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتییان و کەرتی تەندروستی.

نەخۆشخانەکە لە شەش باڵەخانە پێک دێت:

-بەڕێوبەرایەتیی نەخۆشخانە، هەزار و 360 مەتر دووجا.

-ڕووبەری چارەسەری نەخۆشییە کورتخایەنەکان ( ئافرەتان) 820 مەتر دووجا.

-ڕووبەری چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانی ( ئافرەتان) هەزار و 670 مەتر دووجا.

-ڕووبەری بەشی چاودێریی نەخۆشی کورتخایەن ( پیاوان) هەزار و 50 مەتر دووجا.

-ڕووبەری چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان ( پیاوان) هەزار و 840 مەتر دووجا.

هەروەها ڕووبەری سەوزایی 65% نەخۆشخانەکە پێكدەهێنێت، ئێستا 70% کارەکان بە کۆتا گەیشتووە و لە کەمتر لەساڵێکدا نەخۆشخانەکە دەکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2022، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی داوای لە وەزارەتی تەندروستی کرد، بە هەماهەنگیی کار بۆ کردنەوەی سێ نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بە ئافرەتان لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment