ناتانیاهۆ: ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی برسییەتی لە غەززە ڕاست نییە

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاپۆرتەکەی دەزگای نێودەوڵەتیی چاودێریی برسێتی، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت ڕەت دەکاتەوە کە دەزگاکە بە فەرمی دۆخی برسێتییان لە کەرتی غەززە ڕاگەیاندبوو.

هەینی 22ی ئابی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ڕاپۆرتەکەی دەزگای نێودەوڵەتیی چاودێریی برسێتی ڕاست نییە و "درۆیەکی ئاشکرایە."

باسی لەوەش کردووە، ئەوە سیاسەتی ئیسرائیل نییە کە خەڵک برسی بکات، دووپاتیشی کردەوە کە هاوکارییە مرۆییەکان لە کاتی جەنگدا دەگەیەنرایە کەرتی غەززە.

خاچی سوور:  ڕاگەیاندنی برسێتی دەبێت ببێتە پاڵنەرێک بۆ ناردنی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتی غەززە

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەکان، چونکە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر کەرتی غەززە و بەشێکی ئەو کەرتەی کۆنترۆڵ کردووە، دەبێت ئیسرائیل، دڵنیایی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی مەدەنی لە غەززە بدات، هەموو ئەو سەرچاوە مرۆییانەی پێویستە دابین بکات.

هەروەها ڕاگەیەندراوەکە باسی لەوە کردووە، ڕاگەیاندنی برسێتی لە فەڵەستین. پێویستە ببێتە پاڵنەرێک بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێ و کردەیی لەلایەن ئیسرائیلەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دۆخی برسێتییان لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند

بەپێی ڕاپۆرتێک، دەزگای نێودەوڵەتیی چاودێریی برسێتی، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، ئەمڕۆ هەینی، 22ی ئابی 2025، لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، بۆ یەکەمجار بە فەرمی دۆخی برسێتییان لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.

ڕاگەیاندنەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەر سێ پێوەرە سەرەکییەکەی برسێتی هاتوونەتە دی، کەمیی خۆراک، لانیکەم سەدا 20ی خێزانەکان ڕووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک بوونەتەوە. بەدخۆراکی، لانیکەم سەدا 30ی منداڵان بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن. ڕێژەی مردن، ڕۆژانە لە هەر 10هەزار کەس، دوو کەس بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەست دەدەن.

بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە باکووری کەرتی غەززە 'شاری غەززە و دەوروبەری' لە 'دۆخێکی کارەساتباردا دەژین، کە بە برسێتی، بێبەشبوون و مردن' ناسراوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگی ئەیلوول، برسێتییەکە پارێزگاکانی دێر ئەلبەلا و خان یونسیش بگرێتەوە

.ئەم ڕاگەیاندنە لەسەر بنەمای سیستەمی پۆلێنکردنی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک (IPC) کراوە، کە میکانیزمێکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتییە. جێگای ئاماژەیە، ئەمە تەنیا پێنجەمین جارە لە مێژووی دامەزراندنی سیستەمەکەوە لە ساڵی 2004 دۆخی برسێتی ڕادەگەیەنرێت.