لە هاوینی 2026 پێشبینی تەقینەوەی بۆمبێكی ریال مەدرید دەكرێت
ئەگەر هالاند بێتە ریال مەدرید چی روودەدات؟

لە هەر مێركاتۆیەكی گواستنەوەی یاریزانان كاتێك ئەستێرەیەكی مەزنی جیهان روودەكاتە یانەیەكی دیكە تەواوی جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات، لە ئێستادا بیر لەوە دەكرێتەوە لە هاوینی 2026 رەنگە گرێبەستێكی دیكەی مێژوویی رووبدات و یانەی ریال مەدرید ئێرلینگ هالاند لە مانچێستەر سیتییەوە بەرەو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بهێنێت.
ئەگەر هالاند بێتە ریال مەدرید چی روودەدات؟
بەگوێرەی ئەو سیناریۆ و گریمانانە ئەگەر هالاند پەیوەندی بە ریال مەدرید بكات كاریگەرییەكی گەورەیی ئابووری و تەكنیكی لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان دروست دەكات، بۆیە ئەگەر بینیتان رۆژێك فابریزیۆ رۆمانۆ هەواڵی رێككەوتنی نێوان هالاند و ریال مەدریدی بڵاوكردەوە، پێشبینی چەندان رووداوی دیكە دەكرێت.
ڕۆشتنی ڤینیسیوس جونیۆر لە ریال مەدرید
یەکەم ڕووداو کە ڕێگا بۆ گواستنەوەی هالاند خۆش دەکات، ڕۆشتنی ڤینیسیۆس جونیۆرە لە ڕیاڵ مەدرید، ئەمەش لە كاتێكدایە
گفتوگۆیەكانی ڤینیسیوس بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی وەستان بەهۆی زۆری داواکارییە داراییەکانیەوە، گرێبەستی ئەو یاریزانەش لە 2027 لەگەڵ ریال مەدرید كۆتایی دێت، فلۆرێنتینۆ پێرێز بە دوای دەرفەتێک دەگەڕێت بۆ ئەوەی گرێبەستێکی گۆڕینەوە لەگەڵ مانچێستەر سیتی بکات.
ڤینیسیۆس رەنگە بتوانێت بچێتە مان سیتی یان بۆ خولی سعودیە، هەروەها دەرفەتی یاریكردنی لە پاریس سانجێرمانیش لەبەردەمە، فلۆرێنیتینۆ پێرێز لە رێگەی فرۆشتنی ڤینسیۆس دەتوانێت تێچووی گواستنەوەی هالاند ئاسان بكات كە نرخەكەی لە نێوان 150-200 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
دەنگۆی رۆیشتنی ڤینسیۆس كاردانەوەیەكی بەرفراوانی لای هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید دروستکردووە، هەندێک پێیان وایە ڤینیسیۆس سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2025 ئاستی دابەزیوە، هێشتا بەڵام وەک رەمزێكی گەورە پێویستە پارێزگاری لێ بكرێت و بمێنێتەوە، هەندێکی دیكەش پێیانوایە ئاساییە ڤینی ببێتە قوربانی لەپێناو هاتنی هالاند.
بەڵام کاریگەری ڕۆیشتنی ڤینیسیۆس رەنگە كاریگەرییەكی خراپ لەسەر تیپەكەی ئێستای چابی ئالۆنسۆ دروست بكات، بەوپێیەی ئەگەر ڤینی بڕوات، ڕیال مەدرید یاریزانێکی باڵی خێرا و دریبڵ لەدەست دەدات، بەڵام هاتنی هالاند واتە ریال مەدرید هێرشبەرێکی ناوەڕاست بەدەستدەهێنێت کە دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە کەریم بێنزیمە بەجێی هێشتووە.
لە هەمان كاتدا، کیلیان ئێمباپێش دەتوانێت بۆشایی لای چەپی هێرشبەری ڕیاڵ مەدرید پڕبکاتەوە، كە تێیدا ئەو شوێنە یەكێكە لە پێگە دڵخوازەكانی ئێمباپێ، بەڵام بەهۆی ڤینی ئەو شوێنەی لێ قەدەغە كراوە.

بەیەكەوە دەبنە هاوبەش و دووانەیەكی تۆقێنەر
لە ئەگەری پەیوەندیکردنی هالاند بۆ ڕیال مەدرید، دوو یاریزانی هێرشبەری ترسناک لە پێشەوە دەبینرێن و دەبنە هاوبەشێكی گەورە لە گۆڵكردن، بەمەش ریال مەدرید لەو خۆپەرستییە رزگاری دەبێت كە زۆرجار لەنێوان ڤینی و ئێمباپێ دەبینرا و زیانی گەورەشی لە ریال مەدرید دەدا.
بە گوێرەی ئەو گریمانانەی كە باس كراون، ئەگەر لە هاوینی داهاتوو هالاند رووبكاتە ریال مەدرید، پێشبینی دەكرێت لە وەرزی 2026-2027دا، دووانەی ئێمباپێ و هالاند زیاتر لە 70 گۆڵ لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار بكەن، هالاند بەوە ناسراوە لەنێو ناوچەی سزا توانایەكی ناوازەی لە گۆڵكردن هەیە و تەواوکەری شێوازی خێرا و دریبڵی ئێمباپێ دەبێت لە باڵی چەپدا.
ئەلۆنسۆ پشت بە جوڵەکانی هالاند دەبەستێت لەنێو ناوچەی سزا بۆ ئەوەی بۆشایی بۆ ئێمباپێ دروست بکات، بەمەش هێرشەکانی ڕیال مەدرید هەمەچەشنتر دەکات، بەمەش ئاستی راستەقینەی ریال مەدرید دەگەڕێتەوە و نازناوی لالیگا لە چنگی بارسێلۆنا دەردێتەوە و دەبێتە بەربژێرێكی جێگیر و بەهێز بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگیش.
پێكهاتەی ریال مەدرید لەم قەیرانە رزگاری دەبێت
لەدوای ڕۆیشتنی کەریم بێنزێما لە ساڵی 2023، ڕیال مەدرید بەهۆی نەبوونی هێرشبەرێکی ڕوون و سەرەڕم لە ناوەراست و پێشەوە دەناڵێنێت، هەرچەندە کارلۆ ئانچیلۆتی وەک چارەسەرێکی کاتی پشتی بە خۆسێلۆ بەست، دواتر هەوڵیداوە ئێمباپێ وەک هێرشبەر بەکاربهێنێت، بەڵام زۆر سەركەوتوو نەبوو، چونكە ئەوەی دووەمیان (ئێمباپێ) زیاتر حەزی لە باڵی چەپ بوو كە ئەم شوێنە لە لایەن ڤینسیۆس داگیر كراوە.
بە هاتنی هالاند و ڕۆیشتنی ڤینیسیۆس، ئەم قەیرانە بە یەكجاری كۆتایی دێت بۆ هەمیشە چارەسەر دەبێت. هالاند بە توانای سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان لە نێو ناوچەی سزادا ناسراوە، دەبێتە هێرشبەری ناوەڕاست کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرێت.
گریمانەی ئەوە دەكرێت لە وەرزی 2026-2027 هالاند بتوانێت 35 گۆڵ لە لالیگا تۆمار بكاتو ژمارەی گۆڵەکانی بێنزیما تێپەڕێنێت.
هالاند زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تاكتیكەكانی ئالۆنسۆ خۆی رێكبخات، بەوپێیەی ڕاهێنەرەکە پشت بە پاسە درێژەکانی جود بێلینگهام و ئاردا گولەر دەبەستێت، ئەو دووانە تۆپەكانیان بۆ هالاند دەنێرن، لە هەمان كاتدا ئازادی دەدات بە ئێمباپێ بۆ جوڵەکردن لە هەردوو لایەوە بەتایبەت لە لای چەپ.
ئەم گۆڕانکارییە کۆتایی بە هەوڵەکانی ئالۆنسۆ دەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هێرشبەری لاو گۆنزالۆ گارسیا، کە بە خواستن دەدرێتە یانەیەکی تر بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون، ئەمەش گوزارشتە لە متمانەی یانەکە بە هالاند وەک چارەسەرێکی درێژخایەن.

ریال مەدرید دەبێتە پێكهاتەیەكی پڕ ئەستێرە (گاڵاكتیكۆس)
گواستنەوەی هالاند نەک تەنیا لایەنی هێرشبەری ریال مەدرید بەهێزتر دەکات، بەڵکو ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێکهێنانی نەوەی نوێی گالاکتیکۆس لە ڕیال مەدرید.
سێ یاریزانی هێرشبەری ئاگرین لە نێوان هالاند و مباپێ و فرانکۆ ماستانتانۆ پێکدەهێنن، ئەو ئەستێرە گەنجە ئارجێنتینییەی لە ساڵی 2025 پەیوەندی بە شایانەكان كردووە.
لە پشت ئەم سێ یاریزانە جود بێلینگهام و ئاردا گولەر پشتگیری هێڵی ناوەڕاست دەکەن و تیپێک دروست دەکەن کە هێز و خێرایی و داهێنان تێکەڵ دەکات.
ئەم نەوەیە نوێیە سەردەمی گالاکتیکۆس زیندوو دەکاتەوە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز لە سەرەتای ساڵانی 2000 دەستیپێکردبوو، سێ یاریزانەكەی پێشەوە (هالاند، ئێمباپێ و ماستانتانۆ) دەبنە ئایکۆنێکی جیهانی، یارییەکانی ڕیال مەدرید بە ملیۆنان بینەر لە سەرانسەری جیهاندا ڕادەکێشن.
کاریگەرییە بەردەوامەکان
کاریگەری گواستنەوەی هالاند تەنیا لە ڕیاڵ مەدریددا كورت ناكرێتەوە، یانەی مان سیتی دوای رۆیشتنی هالاند دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاستی تیپەکە، بە ئەگەرێكی زۆر لە وەرزی 2026 ـ 2027 لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ شكست دەهێنێت و زەحمەتە لە پرێمەرلیگیش ركابەری یانەكانی ئارسێناڵ و لیڤەرپوولی پێبكرێت.
لە لالیگا، هالاند دەبێتە گۆڵکار و ژمارەی پێوانەیی مێسی و ڕۆناڵدۆی لە تاکە وەرزدا دەشكێنێت، ركابەری لەسەر بردنەوەی باڵۆن دۆریش لە نێوان هالاند و ئێمباپێ دروست دەكات و سەردەمی لە یەك تیپدا كەشێكی جیاواز دروست دەكەن و دەبنە هاوشێوەی مێسی و كریستیانۆ.
