وەزارەتی گواستنەوە: لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومهتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12 هێڵەکانی ئینتەرنێت و ناردنی هەموو جۆرە نامەیەک (MMS) ڕادەگیرێن.
هەینی 22ـی ئابی 2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، داوا کراوە لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان، هێڵەکانی ئینتەرنێت ڕابگرین لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و ڕێگریکردن لە دیاردەی گزی (غش) لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12 کە بەیانی رۆژی شەممە 23ـی ئاب دەست پێدەکات بە شێوەی ڕۆژەک نا ڕۆژەک تا ڕێکەوتی 8ـی ئەیلوولی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە، تەنیا لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12 هێڵەکانی ئینتەرنێت و ناردنی هەموو جۆرە نامەیەکی (MMS) ڕادەگیرێن، لە کاتژمێر 6:30ـی بەیانی تاوەکوو کاتژمێر 7:45ـی بەیانی.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەو شوێنانەشی کە دیاریکراون کە پێویستە لە هەموو حاڵەتێکدا ئینتەرنێتیان هەبێت، بە هەمان میکانیزمی پێشوو ئینتەرنێتی بەردەوامیان دەبێت.
خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12:


