بەسرە.. بەهۆی سوێربوونی ئاو، هەزاران ماسی لەناوچوون

لەو دەریاچەیەی کە پڕ بوو لە ژیان، ئاوی سوێر کردوویەتی بە گۆڕێکی بە کۆمەڵی ماسییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ سنووری ئاسایی تێپەڕاندووە و ئەو ئاوەی کە سەرچاوەی ژیانە بووەتە هۆکاری مرداربوونەوەی بەکۆمەڵ.

شاکر شیناوی، خاوەن حەوزی ماسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم کارەساتە پێشتر لە 2018 ڕوویداوە، دواتر لە ساڵی 2019 ڕێژەی بەردانەوەی ئاو زیادکرا و بۆ ڕووەکەکان بەکارهێنرا، بەڵام ماسی بە تەواوی لەناوچوو، ئێستا ئەم کارەساتەی دەیبینین لە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکان بەهۆی خوێوە ڕوویداوە، ئەو ماسییانەی لە حەوزەکان بوون نەدۆزرانەوە، هیچ ماسییەک نەماوەتەوە، هۆکارەکەش تەنیا سوێر بوون نییە، بەڵکو ئاوەکەش زۆریش پیسە، گوتیشێ: بە سەرۆکی حکوومەت و پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێین: ئێمە لەسەر دەریاچەکان دەژین و پلەی وەزیفیمان نییە و لەسەر ماسی و حەوز و کشتوکاڵ دەژین.

لە کاتێکدا خاوەن حەوزەکان خەونیان بە وەرزێکی پڕ لە بەرهەم دەبینیەوە بۆ کەسوکاریان، شۆکێکی ناخۆش توشیان بوو. ملیۆنان دینار لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بوو بە هەڵم و خەونی چەندین ساڵ لەگەڵ مرداربوونی کۆتا ماسی هەڵوەری.

عەلا بەدران، شارەزا لە کاروباری کشتوکاڵی ئاوی و ماسیی، گوتیڵ بابەتی حەوزەکانی ماسی لە بەسرە بەهۆی سوێری ئاوی کەنداوی عەرەب و ناسەقامگیری ڕێژەی خوێ وایکرد، زۆرینەی کێڵگەکان شکست بهێنن، بەتایبەتی ئەوەی لە باشووری بەسرە لە سیبە دەستیپێکرد و زیانێکی زۆری بە خاوەنەکانیان گەیاند.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەداخەوە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدوای چارەسەردا نەگەڕاوە و بەسرە ماسی لە پارێزگاکانی دیکەوە هاوردە دەکات، هەروەها حەوزەکان نەکراونەتە کێڵگەی داخراو کە گرنگترینیان سیستمی بایۆفلۆکە، ئەم سیستمە پاشماوە و ئاڵفی ماسییەکان دەکاتەوە بە ئالیک، ئەو کاتە بەهەدەر نادرێت و پێویستی بە گۆڕینی ئاو نابێت، دروستکردنی تێچووی زۆرە بەڵام بەکارهێنانی ئاسانترە و دەبێتە جێگرەوە ئەگەر پارە یان قەرز بۆ خاوەن حەوزەکان دابین بکرێت.

لە نێوان وشکبوونەوەی ڕووبارەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ، داهاتووی سامانی ماسی لە لێواری داڕماندایە، ئەو قەیرانە ژینگەییە تەنیا کاریگەری لەسەر ماسی نەبووە، بەڵکو پشتی دەیان خێزانی شکاندووە کە پشت بەو پیشەیە دەبەستن. لە کاتێکیشدا ماسییەکان سەرئاو کەوتوون پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ماسییە زیندووانەی ماون کێ ڕزگاریان دەکات.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment