حکوومەتی سووریا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە پارێزگاکانی سوەیدا، ڕەققە و حەسەکە دوادەخات
گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی، کە بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت، لە پارێزگای سوەیدا و دوو پارێزگای ژێر کۆنترۆڵی کورددا دوادەخرێت.
شەممە 23ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سانا لە زاری نەوار نەجمە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، لە پارێزگای سوەیدای زۆرینە درووز لە باشوور و لە ڕەققە و حەسەکە لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوادەخرێت،تاوەکوو بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە جێگیر دەبێت.
نەجمە ڕوونیشی کردووەتەوە، هۆکاری دواخستنی پرۆسەکە لەو ناوچانە بۆ پێکدادان و ناکۆکییەکانی ماوەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، هاوکات بۆ دڵنیابوونە لەوەی نوێنەرەکان بە دادپەروەرییەوە هەڵدەبژێررێن.
گوتیشی، کورسییەکان بۆ ئەم سێ پارێزگایە بەگوێرەی یاساوە پارێزراو دەبن تا ئەو کاتەی پڕ دەکرێنەوە، جەختیشی کردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن تەنیا لەو ناوچانەدا دەکرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەت دان.
دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، پەرلەمانی سەردەمی ئەسەدیان هەڵوەشاندەوە و دەستوورێکی کاتییان بۆ قۆناغێکی گواستنەوەی پێنج ساڵە پەسەند کرد.
هاوکات ڕەخنەیەکی زۆر لەم دەستوورە کاتییە گیراوە بەهۆی فراوانکردنی دەسەڵاتی شەرع و ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینیی سووریای تێدا نەبووە.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لە نێوان 15 بۆ 20ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. بەپێی پلانەکە، دەستە خۆجێییە دیاریکراوەکان دوو لەسەر سێی 210 ئەندام پەرلەمانەکە هەڵدەبژێرن.
لە مانگی تەممووز، ناکۆکی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستتێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی گرژییەکانەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران.