حکوومەتی سووریا کورد و کەمینەکانی دیکە لە هێزەکانی ئاسایشی وڵات دادەمەزرێنێت
حکوومەتی سووریا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ سەقامگیرکردنی وڵات و پێکەوەژیانی فرە پێکهاتەکان، دەستی بە پرۆسەی دامەزراندنی کەمینەکان لە هێزەکانی وڵات کردووە.
شەممە 23ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، گەنجەکانی کورد لە سووریا، لەنێویاندا ئەندامانی کەمینە ئایینییەکان، لەم دواییانەدا ناویان لە هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حکوومەتی سووریا تۆمار کردووە لە عەفرین، کە ناوچەیەکە لە باکووری وڵات و چەندین ساڵ لەمەوبەر کورد بە زۆرەملێ لێی دەرکرا.
فەرهاد خورتۆ، بەرپرسێکی حکوومی لە عەفرین گوتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی هەزار کەس لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان ناویان تۆمار کردووە.
ئاماژەشی داوە، ئەم هەوڵە بۆ دامەزراندنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە کاتێکدایە کە حکوومەتی دیمەشق ڕووبەڕووی مەترسی ئەمنی زیاتر بووەتەوە، ئەمەش بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی توندوتیژیی تائیفی لە مانگەکانی ڕابردوودا لە پارێزگای سوەیدا ڕوویان دا.
ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، ڕێکخراوێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت و لێکۆڵینەوەی لە توندوتیژییەکانی ئەو ماوەی ڕابردوو لە کەناراوەکانی سووریا کردووە و پێشنیازی کردووە کە حکوومەتی دیمەشق پێکهاتەیەکی فرەنەتەوەی هێزە ئەمنییەکان دروست بکات بۆ ئەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتر بکات، بۆ ئەمەش دەبێت کەمینەکان دابمەزرێنین .
هەروەها، باسی لەوەش کردووە، کەمینەکان و پێکهاتەکان ڕەخنەیەکی زۆر لە حکوومەتی دیمەشق دەگرن بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەکە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینیی سووریای تێدا نییە. هاوکات ڕێککەوتنی 10 ئاداری نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) لە لێواری هەڵوەشاندنەوە دایە.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ سەقامگیری ناوچەکە، سێشەممە 12ی ئابی 2025،کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئۆردن لە عەممان لەگەڵ هەر یەکە لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوەوە و ڕێککەوتن کە گرووپێکی سێقۆڵی بۆ کارکردن لەسەر هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا بۆ سەقامگیری پارێزگای سوەیدا و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان پێک بهێنن.
لە مانگی تەممووز، ناکۆکی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکانی ڕووی دا، کە بووە هۆی دەستتێوەردانی هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزە ئاسامانییەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی گرژییەکانەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران.