شەڕ لەناو گەڕەکەکانی غەززە توندتر بووە

لە ناوچەی زەیتوون و سەبرە لە کەرتی غەززە لەگەڵ بوونی دۆخێکی خراپی مرۆیی شەڕ زیاتر پەرەدەسەنێت، چارەنووسی ئاگربەست بە نادیاری ماوەتەوە، و پرسیارەکان لەسەر قبوڵکردنی ئیسرائیل بۆ پێشنیازی ئاگربەست یان خۆلادان بە بیانووی بارمتەکان بەردەوامن، لە کاتێکدا خەڵكی سڤیل بەدەست کەموکوڕی لە پێداویستییە مرۆیی و سەرەکییەکان دەناڵێنن و پەرەسەندنی گرژییەکانیش دوای ئاوارە بوونیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات

دیمەنێك بە کورتکراوەیی، نەهامەتییەکیانی جەنگ نیشان دەدات و خێمەکان لەژێر ئاسمانێکی پڕ لە دووکەڵی چڕ ڕیزکراون، پسپۆڕان دووپاتیدەکەنەوە ئەم وێرانکارییە تەنیا دەرئەنجامی شەڕێك نییە، بەڵكو بووەتە کارتێکی فشار ئیسرائیل بەکاریدەهێنێت تا ئابڵۆقەی سەر غەززە توندتر بکات تا دیمەنەکە بەشێوەیەك دابڕێژێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات.

ئەمجەد شەوا، شرۆڤەکاری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە ناوچەی زەیتوون و ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە و ئەو کوشتن و وێرانکارییە دەرهەق بە خەڵکی سڤیل بەردەوامە، خانەوادە هەیە بەتەواوی لەناوچووە، بۆردومان دەکرێن و گەڕەکەکان لەو ناوچانە بەتەواوی وێرانکراون، ئەمانە ئاماژەی مەترسیدارن کە ئیسرائیل هەوڵدەدات کەرتی غەززە بەتەواوی بۆ ژیانکردن نەشێت."

لەنێو داروپەردووەکاندا، هەموو ڕۆژێك چاوەڕێی هەواڵێکی ئاگربەستین، بەڵام تۆپەکان پێش بەڵێنەکان دەگەن، خەڵكی غەززە باس لەوە دەکەن چۆن شەقامەکانی ناوچەی زەیتوون و سەبرە بوونەتە گۆڕەپانێکی چۆڵکراو، لە بۆردومانیش زیاتر ترس ڕاوەدووی دەنێت، جگە لە ئارامگرتن هیچ پەناگەیەکی دیکە نییە.

ئیبراهیم ئەبو حوسێن، هاووڵاتی غەززە دەڵێت: "ئەگەر هیچ دەستوەردان و فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر حکوومەتی ئیسرائیل نەکرێت، بەدیاریکراویش بنیامین ناتانیاهۆ، بۆ ئەوەی پێشنیازی رێککەوتنێکی سەرەتایی قبوڵ بکات، زۆر بە ڕاشکاویی پێت دەڵێین چارەنووسی ناوچەی زەیتوون وەك چارەنووسی شوجاعییەی لێدێت."

سەرەڕای مەترسییەکان، گردبوونەوە لەدژی ئاوارەکردن ئەنجامدرا کە لەلایەن سەندیکا پیشەییەکانەوە پێشڕەویکرا، بە چەند درۆشمێك کە مافی خۆیان بۆ مانەوە لەسەر خاکەکەیان دووپاتدەکەنەوە، لەنێو داروپەردووەکاندا دەنگیان بەرزکردەوە وەك ئەوەی مقاوەمەیەکی دیکە بێت، پێش وشە بە خۆچەسپاندن، ڕووبەڕووبوونەوە لەدژی ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە.

یاسر ئەبو حزر، هاووڵاتیەکی دیکەی غەززەیە و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمڕۆ هاتووین بە هەموو جیهان بڵێین دەبێت بەرپرسیارەتییەکان لە ئەستۆبگیرێن، دەبێت یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکرێن و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن، گەلی فەڵەستین رووبەڕووی پلانێکی ڕاگواستن و کوشتن و پاکتاوکردن بوونەتەوە، بۆیە کۆتا داواکاریمان دەنێرین و دەبێت جیهان خەڵكی سڤیل لە کەرتی غەززەی دۆز و ناسنامە بپارێزێت."

لەنێوان نەبوونی ئاگربەست و جەنگێکی بەردەوام، خەڵکی غەززە لەژێر بۆردومان و نەهامەتی ئاوارەییدان، هیوای ئاگربەستیش لەنێوان هاوکێشە سیاسی و گۆڕەپانییەکان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.