جەی دی ڤانس: ڕووسیا لەسەر پرسی ئۆکرانیا نەرمییەکی زۆری پیشان داوە
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕووسیا نیازی جددی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا پیشان داوە، هاوکات لای خپشییەوە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت، ئەورووپا دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ دانوستانەکان دروست بکەن.
یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: ڕووسیا نەرمییەکی زۆری لەسەر پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پیشان داوە، بە شێوەیەک لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئەو نەرمییەیان نەبووە.
دەشڵێت: ڕووسیا لەسەر ئەو پرسانەی کە پێویستن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ گفتوگۆیان کردووە و ئامادەی خۆیان پیشان داوە. هەرچەندە ڕووسیا دەستبەرداری هەموو هەڵوێستەکانی نەبووە، بەڵام هەندێک خاڵی گرنگی قبووڵ کردووە، وەک ئەوەی ئۆکرانیا دوای جەنگ یەکپارچەیی خۆی دەپارێزێت، بەڵام حکوومەتێکی ئاراستەکراو لە کیێڤ ڕەت دەکاتەوە.
هەروەها سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی داوە، وڵاتانی ئەورووپا لە بیانوویەک دەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا بکەن.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕەخنە لە سەرۆکی ئۆکرانیا دەگرێت بە کەسێکی "کەلەڕەق" ناو دەبات دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی مەرجی بۆ دانوستانەکان دادەنێت، بەڵام دەیەوێت لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە.
لاڤرۆڤ ئاماژەشی داوە، دەسەڵاتی کیێڤ دەیەوێت ئەو هەوڵانەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ تێکبدات؛ هیواشی خواست ئەو هەوڵانەی ئەوان سەرنەگرێت.
ڕۆژی دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن کردووە، پوتنیش ڕەتی نەکردووەتەوە.
هەروەها کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کرا.