پسپۆران و چاودێران: ناکۆکییە سیاسییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و یاسا سەروەر بێت
ژمارەیەک لە پسپۆران، ئەکادیمیست و چالاکوانان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان لە ڕێگەی یاسا و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و هۆشداری دەدەن لە دەرەنجامە نەرێنییەکانی بەریەککەوتن و ناسەقامگیری.
محەممەد گۆمەشینی کۆمەڵناس لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر جۆرە کێشەیەکی ئەمنی و جووڵەی سەربازی، جگە لە ناسەقامگیری لە بازاڕ و ژیانی خەڵکدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونی و سایکۆلۆژیای هاووڵاتییانیش دروست دەکات. گوتیشی: کاتێک یاسا سەروەر دەبێت، خەڵک هەست دەکات چەترێک هەیە دەیانپارێزێت، بۆیە ئێمە هەموومان پاڵپشتی لە کەشێکی ئارام دەکەین لە پێناو سەروەربوونی یاسادا.
لە لایەکی ترەوە، داود خەتەری مامۆستایەکی زانکۆیە و باس لەوە دەکات کە هەندێک لایەن هەوڵیانداوە وێنەیەکی نەرێنی لەسەر کورد دروست بکەن و ناکۆکییەکان گەورە بکەن، جەختی کردەوە کە پێویستە دیالۆگ بکرێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە دیالۆگ ئێستا چارەسەرە بۆ هەموو جیهان.
هەروەها نووسەرێکیش بە ناوی سەفەر هاواری نیگەرانی خۆی لەو بارەوە دەربڕی گوتی: سەرەڕای داواکاری بەردەوامی شاعیران و سیاسەتمەداران بۆ یەکگرتوویی کورد، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو پەیامەمان جێبەجێ نەکردووە. هیوای خواست کە دڵی هەموو لایەنە سیاسییەکان یەک بخرێت بۆ ئەوەی پێکەوە بژین و هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە.
هاوکات، کامەران محەممەد ڕایگەیاندکار ئاماژەی بە سیاسەتی سەرۆک بارزانی کرد و دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە سەرەتاوە ئەو سیستەمەی دامەزراندووە کە هەمیشە شتەکان بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ.، بۆیە پێویستە گفتوگۆ و دانوستان ببێتە عەقڵیەتێک کە لە سایکۆلۆژیای مرۆڤی کورددا بچەسپێت.
محەممەد سەلیم چالاکوانیش هۆشداری لە کاریگەرییە خراپەکانی ناسەقامگیری لەسەر هەرێمی کوردستان دا و گوتی: ڕووداوەکەی لالەزار پێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەرێم دادەبەزێنێت. دەشڵێت لەبری پابەندبوون بە یاساوە، هێز بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەکارهێنراوە، لە کاتێکدا "یاسا لە هەموو شتێک سەروەرترە."