ئێزدییەکان لە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ناڕازین

کۆتا بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەربارەی ئاوارەکان و چۆڵکردنی کەمپەکان، ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەبەرانبەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، بنکەی لالش هەڵویستی خۆی نیشانداوە و بڕیارەکە بە ناهەق دەزانێت، ئەوانەی لەنێو کەمپەکانیشدا دەژین، داوا دەکەن هەرچی زووە ئاسانکارییان بۆ بکرێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەم مەبەستەش یارمەتییان بدرێت.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ماوەی دوو ساڵە، هەموو هاوکارییەکانی بۆ کەمپەکان ڕاگرتووە، سەرباری ئەوەش بڕیاری جیاواز دەربارەی چارەنووسی ئێزدییە ئاوارەکان دەدات.

پیر سۆفیان، ئاوارەیەکی شنگالە و لە یەکێ لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژیت، بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە زۆر دڵگرانین بە بڕیارەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی حکوومەتی عێراق دژ بە ئێزدییەکان، چونکە کاریگەریی لە گۆڕینی دیموگرافیای شنگال دەکات، چونکە خەڵکێک لە شنگال نیشتەجێ دەکەن کە خەڵکی شنگال نییە، گوتی: من پرسیار لە وەزیری کۆچبەرانی عێراق دەکەم، ئایا 11 ساڵ  وەک ئێزدییە ئاوارەکان لە کەمپەکان ژیاوە تاکوو بزانێت کە ئێمە خەڵکێکی ئارامین یاخود یاخود نا.

حوسێن بەشکانی، ئاوارەیەکی دیکەی شنگالە و بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمە دادوەری نییە بەرانبەر ئێزدییەکان دەکرێت، ئەو بڕیارەی دراوە لە بەرژەوەندیی ئێزدییەکان و خەڵکی شنگالدا نییە، دەبوایە لەبری ئەم بڕیارە، بڕیاری ئەوەیان دابووایە، قەرەبووی خەڵکی شنگال بکەنەوە وەک پارێزگاکانی وەک ئەنبار و مووسڵ، پێویستە ماڵی ئێزدییەکان ئاوەدان بکەنەوە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی لەدوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا، ئاوارەی نێو کەمپەکان وەک دانیشتووی ئەو ناوچانە هەژمار بکرێن، تەواوی لایەنەکانی ئێزدی هاتنە دەنگ و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.

خەیری ئیبراهیم، ئەندامی دەستەی باڵای بنکەی لالش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێمە وەک بنکەی لالش کاتێک ئەو هەواڵەمان بیست، کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری داوە کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخات، بڕیارێکی نا دروستە و  چونکە کێشە بۆ ئاوارەکان دروست دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک، نزیکەی 400 ئازارەی ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن، ئەو خەڵکە چۆن بگەڕێتەوە، ئەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق جێی سەرسوڕمانە، 11 ساڵە ئێزدییەکان لەگەڵ ژینگەی نێو کەمپەکان و ژیان کردن لە کوردستان گونجاون.

لەسنووری پارێزگای دهۆک، ئێزدییە ئاوارەکان لە نزیکەی 15 کەمپدا دەژین کە نزیکەی 40 هەزار خێزانی ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، تا ئێستاش هیچ داخوازییەکەی ئەوان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەکراوە.