نێچیرڤان بارزانی: دوای 11 ساڵ، هێشتا نیوەی ئێزدییەکان لە کەمپەکاندان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی خێرای ڕێککەوتنی شنگال دەکات و دەڵێت: دوای 11 ساڵ، هێشتا نیوەی ئێزدییەکان لە کەمپەکاندان.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ میرحازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی؛ ڕێوڕەسمی کۆنفرانسی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان دەستیپێکرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و بەدیهێنانی دادپەروەریی تەواو بۆ ئێزدییەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە کارەساتی ئێزدیان "برینێکی قووڵی سارێژنەبوو و لەکەیەکی شەرمەزارییە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا."
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا، دوای 11 ساڵ لە کارەساتەکە، هێشتا نزیکەی نیوەی کۆمەڵگەی ئێزدی لە دۆخێکی سەختدا لە کەمپەکاندا دەژین و ئاییندەیەکی ناڕوونیان هەیە. گوتیشی: "ئەرکی هەموومانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە هەرچی پێویست بێت بۆ ئێزدییەکان بیکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کرد و گوتی: "چیتر نابێت ئێزدی و ناوچەکانیان گۆڕەپانی هێزە نایاساییەکان و یەکلاکردنەوەی ئەجێندای هەرێمییەکان بن."
ناوبراو ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەرەتای کارەساتەکەوە بەبیر هێنایەوە، کە چۆن دەرگای بە ڕووی سەدان هەزار ئاوارەی ئێزدی کردەوە و هێزی پێشمەرگەش "بە فەرماندەیی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، بە گیان و خوێنی خۆیان، هەرچییان لەدەست هات کردیان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ئێزدیان و ڕزگارکردنی شنگال."
نێچیرڤان بارزانی جەختیشی کردەوە: "لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی لە جینۆسایدی ئێزدیان، دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم پرسە." دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکە لەگەڵ بەغدا بۆ خزمەتکردنی ئێزدییەکان و پاراستنی فرەیی و پێکەوەژیان، کە بە هێز و دەوڵەمەندیی وڵاتەکەی وەسف کرد.
دەقی گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیان، جەنابی بابەشێخ، ئامادەبووانی بەڕێز، ڕۆژباش. گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە دەربارەی جینۆسایدی ئێزدیان. بەخێرهاتنێکی تایبەتی میوانان و بەشدارانی بیانی دەکەم، کە لە هەر شوێنێکی جیهانەوە ئەمڕۆ هاتوون و بەشدارن لەم کۆنفرانسە. هەموو لایەکتان بەخێر بێن.
دەستخۆشی لە زانکۆی کوردستان دەکەم بۆ سازدانی ئەم کۆنفرانسە زانستییە ئەکادیمییە، کە یەکەمجارە بەم ئاستە و بەم بەشدارییە فراوانە لە هەولێر ساز دەکرێت. سەرەتا هەموو قوربانیانی ئێزدی و تەواوی قوربانیانی دەستی داعش، بەڕێزەوە ئەمڕۆ بەبیر دەهێنینەوە. سڵاو و دروود بۆ گیانیان دەنێرین. ئەوان هەرگیز لەبیرمان ناچنەوە و بۆ هەمیشە بەڕێزەوە یادیان دەکەینەوە.
سازدانی کۆنفرانسی زانستیی ئەکادیمی دەربارەی جینۆسایدی ئێزدیان، کارێکی یەکجار پێویست و گرنگە، بەتایبەتی کە پسپۆڕان و شارەزایان لە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی جیهانەوە تێیدا باس و لێکۆڵینەوەکانیان پێشکەش دەکەن. ئەمە ڕۆڵێکی گرنگ و پێویست لە بەدۆکیومێنتکردنی جینۆسایدەکە و لێکەوتەکانی دەگێڕێت.
لێکەوتنەوەی زانستی و ئەکادیمی لە جینۆسایدی ئێزدیان، لە ڕەهەندەکانی مێژوویی و سیاسی و یاسایی و ڕەهەندی دەروونی، دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم پرسە و لێکۆڵینەوە لە هەموو لایەنەکانی جینۆسایدەکە. لەو بڕوایەدام ئەم کۆنفرانسە ئازارەکان دەگۆڕێت بۆ زانین و مەینەتییەکانیان دەگۆڕێت بۆ پەند و وانە وەرگرتن. هەروەها دەبێتە پردێکی نێوان زانست و سیاسەت و مرۆڤایەتی. بەشداری و هاوبەشی دەکات لە فراوانبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە جینۆسایدەکە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانکارانەی کە ئەم کارەیان کردووە.
بەڕێزان،
3ی ئابی ساڵی 2014، داعش هەوڵی دا پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستان و عێراق و کولتووری فرەیی و پێکەوەژیان لەم وڵاتە بسڕێتەوە. بە هەزاران پیاو و گەنجی کوشت، بە هەزاران ژن و کچی ئێزدی ڕفاند و جۆرەها تاوانکاریی دەستدرێژی و بەکۆیلەکردنی بەرانبەریان ئەنجام دا. بە زۆر ئایینی منداڵەکانیان پێ گۆڕی و بۆ کاری خۆکوژی و تیرۆر مەشق و ڕاهێنانیان پێ کرد. سەدان هەزاریان لێ ئاوارە و دەربەدەر کران و پەرستگە و سیمبولە ئایینی و کولتوورییەکانی ئێزدیان ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی لەناوبردن و سڕینەوەی بەبەرنامەدار بوونەوە. بۆیە ئەم تاوانکارییە، ڕووداوێکی ڕاگوزەری مێژوویی ناوچەکە نەبوو، بەڵکوو برینێکی قووڵی سارێژنەبووە و هەروەها لەکەیەکی شەرمەزارییە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا.
هەموو ڕزگاربووێکی ئەم جینۆسایدە، هەموو دایک و باوکێکی ئێزدی کە ڕۆڵەکانیان لەدەست داوە، هەموو منداڵێک کە بێ دایک و باوک و بێ خێزان و کەسوکار ماوەتەوە، شایەدی زیندووی ئەو کارەساتەن. هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای یەکەم کارەساتەوە وەک ئەرکی نیشتمانی و مرۆییی خۆی، پێشوازیی لە سەدان هەزار ئێزدی کرد. بە سەدان پێشمەرگە، بە فەرماندەیی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، بە گیان و خوێنی خۆیان، هەرچییان لەدەست هات کردیان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ئێزدیان و ڕزگارکردنی شنگال. ئێمە وەک پرسێکی کوردستانی، مامەڵەمان لەگەڵ ئەو کارەساتە کرد، چونکە ئێزدی بەشێکی ڕەسەنی پێکهاتەی کوردستانە.
ڕاستە هەموو ساڵێک بە چەندین شێواز و لە چەندین شوێندا یادی ئەم کارەساتە بە ئازار دەکرێتەوە. ئەمە گرنگە و پێویستە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش بزانن وەک هەموو پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان، چ کارەساتێک بەسەر ئێزدیان هات؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە بەس نییە و بەشی ئێزدیان ناکات. مایەی داخێکی زۆرە، دوای 11 ساڵ لەو کارەساتە، هێشتا نزیکەی نیوەی کۆمەڵگەی ئێزدی، ژیانێکی سەختی ناو کەمپەکان دەگوزەرێنن. منداڵی ئێزدی هەیە، ئەمڕۆ 11 ساڵانە و هەموو تەمەنی لە ژینگەیەکی سەخت و دژواری کەمپەکاندا ژیاوە. هێشتا ئومێدێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانێکی ئەرێنی لە دۆخ و ژیانیاندا دیار نییە. ناتوانن بە ئومێدەوە لە داهاتوو بڕوانن و چارەنووسیان ناڕۆشنە.
عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە. کۆمەڵگەی ئێزدی، وەک هاووڵاتیی عێراقی، مافی زۆریان بەسەر دەوڵەتەوە هەیە. پێویستە عێراق زۆر لەوە زیاتر خۆی لە هاووڵاتییە ئێزدییەکانی بە خاوەن بکات. ئەرکی هەموومانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە هەرچی پێویست بێت و بکرێت بۆ ئێزدییەکان بکرێت. بەر لە هەموو شتێک، پێویستە متمانە و ئومێد بە ئێزدییەکان ببەخشرێت، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر خەرابات و وێرانەی ڕابردووی تاڵیان، ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەنەوە. ئەوە ناکرێت ئەگەر دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان بەدی نەهێنرێت. بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان تەنها بە سزادانی تاوانکاران و ئەنجامدەرانی جینۆسایدەکە نابێت، بەڵکوو بە ئاوڕلێدانەوە و کارکردنی جیددی بۆ ئێزدییەکان دەبێت، کە هەموو لایەن و بوارەکانی ژیان بگرێتەوە. بە پێدانی دڵنیایی دەبێت لەوەی جارێکی تر ڕووبەڕووی کارەساتی ئاوا نابنەوە.
ئێستاش، دوای 11 ساڵ لە جینۆسایدی کۆمەڵگەی ئێزدی، هێشتا ئەم کۆمەڵگەیە لە شۆکێکی قووڵدایە، شۆکێکی سەختی دەروونی و کۆمەڵایەتی، کە لێکەوتەکانی تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبن. ئەرکی هەموومانە هاوکارییان بکەین و یارمەتییان بدەین بۆ چارەسەر بوون و تێپەڕاندنی ئازارە دەروونییەکانیان. ئەوەی ئەمڕۆ ئێوەی لێکۆڵەر دەیکەن، بەشێکی گرنگی ئەو یارمەتی و هاوکارییەیە.
بەڕێزان،
ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە ئامادەین بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بۆ پێشکەشکردنی هەموو یارمەتییەکی پێویست بە پێکهاتەی ئێزدی. پاراستنی فرەیی و پێکەوەژیان و یەکتری قبووڵکردن، ئەرکی لەپێشینەی هەموومانە لە کوردستان و لە عێراق. فرەیی و هەمەڕەنگیی کۆمەڵگەی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هێز و دەوڵەمەندییە، نەک کێشە و مەترسی. دەبێ هەمیشە کار بۆ پتەوکردنیان بکەین. ئەمڕۆ سادەترین مافی ئێزدیان ئەوەیە، هێندە ئارامی و ئاساییش لە شوێن و ناوچەکانیان هەبێت بتوانن بگەڕێنەوە. خزمەتگوزارییان هەبێت، بتوانن ڕوو لە زێد و شوێنی خۆیان بکەنەوە و ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەنەوە.
بۆیە پێویستە ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، جێبەجێ بکرێت. چیتر ئێزدی و ناوچەکانیان، گۆڕەپانی هێزە نایاساییەکان و یەکلاکردنەوەی ئەجێندای هەرێمییەکان نەبێت. بۆ ئەمە، لەگەڵ بەغدا ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکین.
لە هەوڵ و کارەکانمان بەردەوام دەبین، هەتا ڕزگارکردنی دوایین ڕفێندراوی ئێزدی. هەروەها بۆ پارێزگاریکردن لە شنگال و بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی ئێزدیان بە شێوەیەکی فراوانتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت، تاوانکاران سزا بدرێن و دادپەروەری بۆ ئێزدیان بەدی بهێنرێت و هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی ماددی و دەروونی بەدەست بهێنن بۆ شیاندنەوە و تێپەڕاندنی شۆکی دەروونیان.
سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەوانە دووپات دەکەینەوە، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و لە ناوچەکە و لە جیهان، بە هەر شێوەیەک بووبێت، یارمەتیی کۆمەڵگەی ئێزدییان داوە و بەردەوامن و یارمەتی دەدەن. هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم. هەموو پشتگیرییەک لە کار و چالاکی و کۆنفرانسی لەو جۆرە دەکەین. ئێوە کارێکی گرنگ و پێویست ئەنجام دەدەن و خزمەتێکی گەورە پێشکەش بە ئێزدییان دەکەن. هیوادارم لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو بن و بەردەوامیش بن.
بەخێر بێن. زۆر سپاس.