هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی پێشکەوتووی حوکمڕانی کۆچ لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسێندرا

بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی پێشکەوتووی حوکمڕانی کۆچ لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسێندرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، سرەوە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM)، هەرێمی کوردستان وەک نموونەی "مۆدێلێکی حوکمڕانی پێشکەوتووخوازانەی کۆچ و لووتکەی مرۆیی" لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتووە.

 بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان دەڵێت: ئەم هەڵسەنگاندنە لە چوارچێوەی "نیشاندەری حوکمڕانی کۆچ" (Migration Governance Indicators - MGI) ئەنجامدراوە، کە ئامرازێکی داهێنراوی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچە و لە ساڵی 2016وە، لەسەر ئاستی جیهان کاری پێدەکرێت. ئامانج لەم ئامرازە یارمەتیدانی حکوومەتەکانە بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەت و ستراتیژییەکانیان لە بواری کۆچدا، کە پشت بە نزیکەی 100 نیشاندەر دەبەستێت.

بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەدا، دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵسەنگاندنە دووپاتی ئەو خزمەتگوزاری و مافە سەرەکیانە دەکەنەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرانی کردووە. هەروەها، سیاسەتەکانی هەرێم بەراورد کراون بە حەوت بنەمای سەرەکی نیشاندەری حوکمڕانی کۆچ لە جیهاندا.

دەشڵێت: پرۆسەی هەڵسەنگاندنەکە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردووەوە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێکردووە و چەندان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، دامودەزگای حکوومی و وەزارەتی پەیوەندیدار تێیدا بەشدار بوون.

سرەوە ڕەسوڵ، ڕاشیگەیاند، ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.