بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک درێژکرایەوە؛ "سەدا 85ـی هاووڵاتییان خۆیان تۆمار کردووە"
پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک درێژکرایەوە و بە گوێرەی ئامارەکانیش، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین پسوولە کراوەتە ئەلیکترۆنی.
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێڕاق، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی پڕۆسەی بەئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراک تاوەکوو 1ـی ئەیلوولی 2025."
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمە دوایین مۆلەتی پڕۆسەی بێبەرانبەری بەئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراکە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تاوەکوو ئێستا پسوولەکەیان پڕنەکردووەتەوە؛ لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەر هاووڵاتییەک بیوێت پسوولەکە پڕ بکاتەوە، پێویستە 10 هەزار دینار بدات."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا پرۆسەی بە پارەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە عێراق دەستیپێنەکردووە، کە دەستیپێکرد "هەوڵ دەدەین بڕە پارەکە بۆ پێنج هەزار دینار کەم بکەینەوە."
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە ڕێژەی 89%، هەولێر 87%، سلێمانی 85% و دهۆک 81%ـی هاووڵاتییان پسولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی؛ ڕێژەکەش لە تێکرای هەرێمی کوردستان 85%ـی تێپەڕاندووە.
ڕۆژی 01ـی حوزەیرانی 2025، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، سەرەتا پێنج ڕۆژ بە شێوەی ئەزموونی بوو، دواتر بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکرد و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامە.