367 پارچە زەویی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی دهۆک دابەشدەکرێت

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، 367 پارچە زەویی دیکە ئامادەیە و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی دەکەین، داواش لە فەرمانبەران دەکەم کە فۆڕمی زەوییەکانیان وەرگرت، دوای هەفتەیەک بڕۆن تاپۆکەی وەربگرنەوە.
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ 367 پارچە زەویی دیکە لە هەر چوار شارەوانییەکەی سەر بە پارێزگای دهۆک ئامادەکراوە و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت، گوتیشی: دوای هەفتەیەک زەوییەکان تاپۆ دەکرێن و بە ناوی سوودمەندبووەکە دەکرێت.
لەبارەی بوونی زەویی لە سەنتەری شاری دهۆک، عەلی تەتەر دەڵێت: زەوی لەناو سەنتەری شار نەماوە و ئێستا ئەو گوند و شوێنانەی نزیکی دهۆکن، زەوییەکانیان لێ دابەش دەکەین.
هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، ڕاستە ژمارەی ئەو زەوییانەی دابەشی دەکەین زۆر نین، بەڵام نامانەوێت فەرمانبەران چاوەڕێ بکەن، هەر کە زەوییەکە ئامادەبوو ئەگەر کەمیش بێت دابەشی دەکەین و چاوەڕێ ناکەین ژمارەی زەوییەکان بگاتە 10 هەزار پارچە زەویی ئینجا دابەشی بکەین.
27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 چووە بواری جێبەجێکردن.