پارتی لەبارەی ڕووداوەکانی سلێمانی: با دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ڕێگای چارەسەری کێشەکان بێت
مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لە سەروەریی یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی شاری 'ئازیزی سلێمانی' بەتایبەتی و 'هەرێمەکەمان' بەگشتی دەکاتەوە و داوا دەکات، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی کە 'خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات' ڕابگیرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی بەرەبەیانیی 22یـی ئاب، لە شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە "ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکە" دەربڕیوە کە بووەتە هۆی "نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە."
پارتی جەخت دەکاتەوە "پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت" و هەر کار و کاردانەوەیەک کە "کاریگەریی خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان" هەبێت، بە باشی نازانێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دانبەخۆیاندا بگرن، پارێزگاری لە سەروەریی یاسا و دامەزراوە شەرعییەکان بکەن، و هەر جۆرە "گرژی و هێرشێکی میدیایی" ڕابگیرێت، چونکە "خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات".
هاوکات، مەکتەبی سیاسی سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییەکان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 22ـی ئابی 2025، هێزەکانی یەکێتی لە شاری سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی "بەرەی گەل" بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانێکی دەستگیرکردنی ناوبراو.
ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی پێکدادانی چەکداریی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی و پاسەوانانی لاهور شێخ جەنگی. لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی یەکێتی و پاسەوانەکانی لاهور شێخ جەنگی کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
دەقی ڕاگەیانراوەکەی مەکتەبی سیاسيی پارتی دیموکراتی کوردستان:
ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، کە بەداخەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە، بونە هۆی نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە.
پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەري خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباش نازانین.
لە نیگەرانی و دڵە ڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لە پێناو هەرێمەکەمان و ئارامی دەروونی هاووڵاتیانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت.
هاوكات، سهرهخۆشى له خانەوادە و كهسوكارى سەرجەم قوربانیيەكان دەكەین و هاوخهمیانین، هيواى زوو چاكبوونهوهیش بۆ برينداران دهخوازين.
مەکتەبی سیاسيی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥