گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ وەرزی پایزە دەکات
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، دەستی بە ئامادەکاریی بۆ پێشوازی لە گەشتیاران لە وەرزی پایزدا کردووە. گوتەبێژی دەستەکە جەخت دەکاتەوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بووەتە هۆی زیادبوونی هاتنی گەشتیاران و ئێستا کار بۆ سەرخستنی پلانی گەشتیاری پایزە دەکەن.
هاوین وەرزێکی "زێڕین" بۆ گەشتیاری
دووشەممە، 25ی ئابی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەم وەرزە بۆ کەرتی گەشتوگوزار بە وەرزی زێڕین دادەنرێت، تاوەکو پلەی گەرما لە ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرز ببێتەوە، ژمارەیەکی زۆرتری گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن."
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەدا کە کارکردنی بەردەوامی دەستەکە وایکردووە گەشتیاری تەنیا لە یەک وەرزدا قەتیس نەمێنێت و ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشتیاریی نیمچە بەردەوامیی ساڵدایە. ئەو گوتیشی: "ماوەی چەند ساڵێکە کارمان لەسەر ڕاکێشانی گەشتیار کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە پێشووتر تەنیا لە یەک وەرزی ساڵ گەشتیار ڕوویان لە کوردستان دەکرد، بەڵام ئێستا لەگەڵ زیادکردنی ناوچە گەشتیارییەکان و بوونی چالاکی و فێستیڤاڵی بەردەوام، چوار وەرزەی ساڵ گەشتیاری زیاتر ڕووی تێدەکات."
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەرزی پایز، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ڕایگەیاند، یەکێک لە چالاکییە دیارەکان، فێستیڤاڵی هەنارە لە پارێزگای هەڵەبجە. باسی لەوە کرد: "لەسەرەتای تشرینی دووەم فێستیڤاڵی هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە ڕێک دەخرێت و بە هەزاران گەشتیاری ناوخۆ و دەرەکی ئامادەی ئەو فێستیڤاڵە دەبن."
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەوەی خستەڕوو، ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە بەڕێوەدەچێت و بووەتە بۆنەیەکی گرنگ بۆ ناساندنی بەرهەمی هەناری هەڵەبجە و بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار لە پارێزگاکە. بۆ نموونە، لە فێستیڤاڵی دەیەمدا 285 هەزار گەشتیار سەردانی هەڵەبجەیان کردبوو.
پشتیوانیی حکوومەت و پلانی ستراتیژی 8 ساڵە
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی گەشتوگوزار داوە. لەم چوارچێوەیەدا، دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی ستراتیژیی هەشت ساڵەی داڕشتووە کە ئامانجی گەیاندنی ژمارەی گەشتیارانە بۆ 20 ملیۆن گەشتیار لە ساڵی 2030دا.
ئیبراهیم عەبدولمەجید لەمبارەیەوە گوتی: "سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کابینەی نۆیەم گرنگییەکی تایبەتی بە کەرتی گەشتوگوزار داوە و بەپێی پلانی هەشت ساڵەی دەستەی گەشتوگوزار، چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندووە، ئێستاش کاتە زێڕینەکەیە بۆ کوردستان."
سەبارەت بە ئاماری فەرمی گەشتیاران، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئاماری ساڵی 2024 تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە و دەستەکە بەنیازە بە شێوازێکی پێشکەوتوو و ڕێکخراو ئامارەکان بخاتەڕوو.