ئومێد سەباح: حکوومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار هەیە

لە پانێڵکدا بەناونیشانی کارە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند: دانیشتووانی هەرێم 15٪ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، لە پانێڵێکدا ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەم سەرەڕای ئاڵنگارییەکان کوردستان لەسەر پێی خۆی مایەوە، سەرۆکی حکوومەت ئەندازیاری پەڕاندنەوەی هەرێمی کوردستان لەو ئاڵنگارییانە بوو، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 503 هەزارە، بەڵام ئەوەی دەکەوێتە ژێر هەژموونی هەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت ملیۆن کەسە بە هەندێک ناوچەی سنووری مەخموور و چەمچەماڵ و شوێنەکانی دیکە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی دوایین سەرژمێری دانیشتووانی هەرێم %15دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان فەرمانبەری حکوومەتن 46٪ دەکات، هەروەها ئەوانەی لە عێراق کاردەکەن 67٪ـی لە کەرتی گشتیین، هەر بەگوێرەی دوایین ئاماری سەرژمێری ڕێژەی وەچەخستنەوە لە هەولێر و سلێمانی بەراورد بە دهۆک کەمترە.

ئومێد سەباح، گوتیشیی: خەرجییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران 900 ملیار و 88 ملیۆن دینارە، بەگشتیی لە هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا پێویستی بە ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار هەیە، نەوت 80٪ـی داهاتەکانی حکوومەتی پێکدەهێنا، داهاتی نانەوتی نزیکەی 250 ملیار دینارە، داهاتی نانەوتی بۆ دوو بەرانبەرمان زیاد کرد.