ترەمپ باس لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور دەکات
سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بووەتە جەنگێکی کەسی، هاوکات لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکەکانی کۆریای باکوور و چین دەڵێت، دەمەوێت بەم نزیکانە سەردانی وڵاتەکانیان بکەم، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکراشی کرد، بەم نزیکانە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە دەکاتە وەزارەتی جەنگ.
دووشەممە 25ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەورووپا جارێکی دیکەش قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە. گوتیشی: جەنگی نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا بووەتە جەنگێکی کەسی، بۆیە دەبێت بیوەستێنین.
باسی لەوەش کرد، هاتنی پوتن بۆ ئەمەریکا هەر خۆی پیشاندانی نەرمییەکی زۆرە لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، بۆ ئەمەش هەوڵەکەی بەرز دەنرخێنم.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئەورووپا گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا دەکات و ئێمەش پشتگیرییان دەکەین، پێشم وایە لەسەر ئەو ڕێک دەکەوین، دووپاتیشی کردووە ئەمەریکا چیتر پشتگیری دارایی ئۆکرانیا ناکات.
سەرۆکی ئەمەریکا لە پرسیاری ئەوەی بۆ چی سەرۆکی ڕووسیا نایەوێت سەرۆکی ئۆکرانیا ببینێت گوتی: چونکە پوتن حەز بە چارەی زێلێنسکی ناکات.
ئاماژەشی دا، لەبارەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی قسەم لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە، چونکە ئەوان دووەم زۆرترین چەکی ئەتۆمییان هەیە و چینیش لە ڕیزبەندی سێیەم دێت.
کیم جونگ ئون لە هەموویان باشتر دەناسم، جگە لە خوشکەکەی
سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی پێشوازیکردنی لە لی جەی میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور، لەبارەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور گوتی: پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ هەیە، زۆر بە پەڕۆشم بۆ بینینی، دەشڵێت، کیم جونگ ئون لە هەموویان باشتر دەناسم، جگە لە خوشکەکەی. ئاماژەشی دا، لە ماوەیەکدا دەیبینم، لە ڕاستی دا دەمەوێت ئەو ساڵ ئەو ببینم.
ئەگەر کارتەکانم بەکاربهێنم، چین لەناو دەبین
ترەمپ دەشڵێت، لە داهاتوودا، پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ چین دەبێت. ئاشکراشی کرد، لە پەیوەندییەکانی ئەم دوایەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆک کۆماری چین باسییان لەوە کردووە، کە لەکاتێکی دیاریکراودا، ڕەنگە لەم ساڵە سەردانی چین بکات.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، چین هەندێک کارتیان لەبەردەستدایە. ئێمەش کارتی زۆر بەهێزمان هەیە، بەڵام نامەوێت ئەو کارتانە بەکاربهێنم، چونکە ئەگەر بەکاریانبهێنم، چین لەناودەبەن.
بەم نزیکانە شەڕی غەززە یەکلا دەبێتەوە
لەبارەی دۆخی غەززەش ئاماژەی دا، پێم وایە لە سێ هەفتەی داهاتوو لەبارەی دۆخی غەززە دەگەینە دەرئەنجامێک بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە.
گوتیشی: خواردنێکی زۆرمان بۆ کەرتی غەززە ناردووە.
وەزارەتی بەرگریی دەکەینە وەزارەتی جەنگ
دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی دۆخی ناوخۆی ئەمەریکا باسی لەوە کرد، زۆر خەڵک دەڵێن کە من دیکتاتۆرم، بەڵام لە ڕاستیدا من دیکتاتۆر نیم و حەزیشم لێی نییە، هاوکات دەشڵێت: لە جیهان و ئەمەریکا بە ناوی ئازادی ڕادەربڕین ئاڵای ئەمەریکا دەسووتێنن، بەڵام لە ئەمڕۆوە ئەگەر هەر کەسێک ئاڵای ئەمەریکا بسووتێنێت، بۆ یەک ساڵ زیندانی دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەوانەیە بەم نزیکانە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بکاتە وەزارەتی جەنگ، چونکە ئێمە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیمان بردووەتەوە، هاوکات ناشمەوێت هەمیشە لە بەرگریی بین، دەمەوێت هێرشیش بکەین.