محهممهد ڕێكانی: پێویستە سیاسییەکان دەست لە دادگاکان هەڵگرن بۆ ئهوهی ببنه جێی متمانهی هاووڵاتییان
ئەندامێکی داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی دادگاکان لە ئاست متمانەی هاووڵاتییاندا بن، پێویستە سیاسییەکان دەست لە دادگاکان هەڵگرن.
د. محەممەد ڕێکانی، ئەندامی داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: لە هەر ڕووداوێک پێشێلی یاسا و مافەکان بکرێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین، ڕاگەیەنراوی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشیی ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانە لە هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی بڕیاری یاسا پێویستە بەگوێرەی یاسا بێت، ناکرێت زێدەڕۆیی بکرێت لە بەکارهێنانی هێز و هەروەها کاتێک کەسێک تۆمەتبارە پێویستە تەنیا تۆمەتبار دەستگیر بکرێت.
ئهو ئەندامهی داواکاریی گشتیی گوتیشی: پێویستە فەرمانی دەستگیرکردنی دادوەر، پیشانی تۆمەتبار بدرێت و پێی ڕابگەینن کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە پۆلیس ڕێکارەکان جێبهجێ بكات و لەژێر سەرپەرشتیی دادوەردا بێت و نابێت لە جێبەجێکردنی هەر بڕیارێکی دادگادا، هیچ مافێک پێشێل بکرێت.
ئەو ئەندامەی داواکاریی گشتیی جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی دادگاکان لە ئاست متمانەی هاووڵاتییاندا بن پێویستە سیاسییەکان دەست لە دادگاکان هەڵگرن و دەستێوەردان نەمێنێت و دەبێت سەربەخۆ بێت.
ڕاگەیەنراوی ئەمڕۆی داواکاری گشتیی لەبارەی ڕووداوەکەی سلێمانی.
سەرۆکایەتی داواکاریی گشتیی لەبارەی ڕووداوەکانی شەوی 21 لەسەر 22ـی ئابی 2025ـی لالەزاری سلێمانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانی یاساکان بریتیە لە پاراستنی ماف وئازادیەکان وئاسایشی هاوڵاتیان، پێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت.
لە بەیاننامەکەدا داواکاریی گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم وچاودێری ڕەوایی (مراقبة المشروعیة) وپاراستنی ســەروەری یاسا وباش پیادەکردنی حوکمەکانی وچاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکان بە پێی ماددە (1/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی هەموارکراو، بۆیە جەختی کردووەتەوە لەوەی، لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمان وبڕیارێکی دادگا، دەسەڵاتی جێبەجێ کردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشیەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی ودەستوریەکان بکات لە پاراستنی گیان وکەڕامەتی هاوڵاتیان وپاراستنی سامانی گشتی وتایبەتی ومافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا ودەستوردا هاتووە.
دەشڵێت: بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان وبڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێ وشوێنی ئەوتۆی دیاری کردووە کە نەبێتە هۆکاری پشێوی و نا ئارامی وزیان گەیاندن بە سامانی گشتی وتایبەتی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری ویاساییەکان، هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان وکەڕامەت وئازادی هاووڵاتیان پارێزراو بێت.