راستی رێككەوتنی نێوان ویسام بن یەدیر و زەورا ئاشكرا دەبێت
زەورا دەیەوێت یاریزانی سووپەر بگوازێتەوە
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان، یانەی زەورا 3 ئەستێرەی كردووەتە ئامانج، لە نێویاندا راستی هەواڵی گواستنەوەی ویسام بن یەدیریش بۆ نەورەسەكانی بەغدا ئاشكرا دەبێت.
لە ماوەكانی رابردوو دەنگۆی رێككەوتنی نێوان ویسام بن یەدیری یاریزانی پێشووی مۆناكۆ و یانەی زەورا لە لایەن میدیایەكانی نێوخۆیی و عەرەبی عێراقی بڵاوكرایەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش كرابوو كە گفتووگۆی چڕ لە نێوان بەڕێوەبەری كارەكانی بن یەدیر و یانەی زەورا هەیە و ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا رازیبووە پەیوەندی بە یانەی زەورا بكات.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لە نێوان زەورا و ویسام بن یەدیر نییە، بەڵام یەكێكە لە بژاردەكانی زەورا، بەڵام سەركیترین ئامانجی یانەكە نییە، بەو پێیەی زەورا ئامانجی ئەوەیە یاریزانێكی گۆڵكاری پیشەگەر بۆ هێڵی پێشەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا (2) ركابەرییەكی بەهێز بكات كە تێیدا هاوشانی یانەكانی نەسری سعوودیە، ئیستیكلولی تاجیكستانی و جوای هیندی یاریی دەكات.
ئەمەش لە كاتێكدایە بن یەدیر تەمەنی 35 ساڵە، بۆیە زەورا گومانی لە ئاستی ئەو یاریزانە هەیە و دوو ئامانجی دیكەی گەورەتری هەیە كە پێكهاتوون لە یەزن نەعیمات گۆڵكاری هەڵبژاردەی ئوردن كە ئێستا لە خولی قەتەری یاریی دەكات، لەگەڵ یاریزانێكی دیكە كە لە ئەورووپا یاریی دەكات و ناسنامەی ئاشكرا نەكراوە.
ویسام بن یەدیر، پێشتر یاریی بۆ یانەكانی تۆڵۆز و مۆناكۆی فەرەنسا كردووە، یاریزانی پێشووی یانەی سێڤییای ئیسپانیاش بووە، ئەمساڵیش بۆ ماوەی چوار مانگ یاریی بۆ یانەی سێباهان ئەسفەهانی ئێرانی كرد و ئێشتاش بێ یانەیە.