کارەکانی پرۆژەی جووتسایدی میراوە لە قۆناغەکانی کۆتایی دایە

پرۆژەی جووتسایدی میراوە، یەکێکە لە ڕێگە گرنگەکان و لە ئێستادا کارکردن تیایدا زۆر خێراتر کراوە و تونێلەکانی نێو پرۆژەکە لە قۆناغی کۆتایی نزیکبووەتەوە، کە دوو تونێلی گرنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران لەخۆ دەگرێت.

ئەندازیار هۆگر حەمەد، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆژەی کۆڕێ-شەقڵاوە-قەندیل بە درێژی 10 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 90 ملیار و 536 ملیۆن دینار لەلایەن کۆمپانیای "North Light" خۆماڵی جێبەجێ دەکرێت.

پرۆژەکە یەک ئۆڤەرپاس لە ناوچەی پیشەسازی شەقڵاوە و ئەندەرپاسی میراوە هەروەها درێژکردنەوەی تونێلی ماوەران لە هەردوو دیوو و لەگەڵ تەواوکردنی کاری کارەبایی و میکانیکی تونێلی ماوەران و میراوە لەخۆ دەگرێت.

لەبارەی درێژکردنەوەی تونێلەکان، هۆگر حەمەد گوتی، هۆکارەکەی داڕمانی تونێلی ماوەران بوو لەلای تەنیشتیەوە و بە تەواونەکراوی لەلایەن کۆمپانیایەکی دیکەی جێبەجێکار بەجێهێڵدرابوو، هەر بەو هۆیەشەوە بڕیاری چاککردن  و درێژکردنەوەی توونێلەکە لە هەردوو لاوە بە درێژی 300 مەتر درا.

هۆگر حەمەد ئاماژەی دا، کارکردن لە هەموو بڕگەکانی پرۆژەکە بەردەوامە، ماوەکەشی دوو ساڵە، بەڵام کۆمپانیا هەوڵی ئەوە دەدات کە بەر لەم وادەیە تەواوبکات.

ڕوونیشی کردەوە، ئەم ڕێگایە گرنگیی خۆی هەیە و شاری هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دەبەستێتەوە و دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە پێویست بەوە ناکات شارۆچکەی شەقڵاوە ببڕیت و بۆ چونە ئیدارەی سۆران، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆرە.

جەختیشی کردەوە، پلانەکە وایە کە ئەمساڵ سایدێکی پرۆژەکە قیرتاو بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە. 

ڕێگەی شەقڵاوە، ڕێگەیەکی قەرەباڵغە و ئیدارەی سۆران دەبەستێتەوە بە پارێزگای هەولێر و گەشتیارێکی زۆر بەم ڕێگایەدا هاتوچۆ دەکەن، تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە ڕێگە ئاسانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات.