بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج: داخستنی چاڤیلاند هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی یاسا
بەڕێوبەری پشکنینی باج لە بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەکان دەڵێت، لەڕووی یاساییەوە خاوەنی چاڤیلاند ڕێگەی پێنادرێت کوردستان بەجێبهێڵێت، تاوەکو باجی کەڵەکەبووی ساڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی دەداتەوە.
سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، هاوڕێ بەختیار، بەڕێوبەری پشکنینی باج لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باجەکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پڕۆژەی چاڤیلاند لە ساڵی 2013 کرایەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ وەکوو هەموو پڕۆژەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە پێدانی باج بە حکوومەت بەخشرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2023 دەبوو داهاتی ساڵانەی پڕۆژەکە و باجی حکوومەت لەکاتی خۆیدا ڕادەست بکات، تاوەکو ئێستا نەیکردووە.
هاوڕێ بەختیار گوتی: ڕاستە پڕۆژەی چاڤیلاند لە پێدانی باج بەخشرابوو، بەڵام کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی دیکە لەسەر خاوەنی چاڤیلاند هەبوو کە دەبوو لەکاتی خۆیدا جێبەجێیان بکات و نەیکردووە، کە بریتین لە:
1- باجی فرۆشراوەکان کە بریتییە لە پێدانی ٪10ـی داهاتی سەرجەم خواردنگە و یارییەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە پڕۆژەکە هەن بە حکوومەت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە کۆمپانیای چاڤیلاند نەنێردراوە.
2-کۆمپانیای چاڤیلاند پێویست بوو پەڕاوی ساڵانەی خۆی بە شەفافیەت بۆ بەڕێوبەرایەتی باج بنێرێت .
3- باجی کارمەند؛ پێویست بوو، کۆمپانیایی چاڤیلاند هەموو سێ مانگ جارێک دەبوو دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێشکەش بەڕێوبەرایەتی باج بدات، بەڵام هەموو ئەو پارەیەیان بۆخۆیان هەڵگرتووە.
هاوڕێ بەختیار دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا کەسێک بە ناوی شاسوار عەبدولواحید کە خۆی بە خاوەنی کۆمپانیا و پڕۆژەی چاڤیلاند ناساندووە بانگەشەی ئەوەی دەکرد هەر بە ویست باج نادەم و هانی هاووڵاتییانی دەدات کە باج نەدەن، هەروەها سکاڵاشی تۆمار کرد دژی بەڕێوبەرایەتی باجەکان و لە دادگە سکاڵاکەی دۆڕاند.
وەکوو ئەوەی ناوبراو باسی کرد "وەکوو بەڕێوبەرایەتی گشتیی باجەکان، بە نووسراوێکی فەرمی قایمقامییەتی سلێمانیمان ئاگادار کردەوە کە دەبێت چاڤی لاند دابخرێت، دواتر بڕیارەکە جێبەجێ کرا و پڕۆژەکە داخرا."
بەڕێوبەری پشکنینی باج ئاماژەی بەوەش دا "هەموو ڕێکارێکی یاسای دەگرینە بەر تاوەکو هەموو کۆمپانیای چاڤیلاند سەرجەم ئەو باجانەی لەسەرێتی دەیداتەوە. ئەگەر خاوەنی کۆمپانیا نەیتوانی باجی حکوومەت بدات، ئەوە دەست بەسەر کۆمپانیای چاڤیلاند و پڕۆژەی چاڤیلاندا دەگیرێت هاوکات لە زیادکردنی ئاشکرادا حکوومەت باجی ساڵانەی لێ هەڵدەگرێتەوە پاشان پارەکەی دیکە بەسەر خاوەن پشکەکاندا دابەش دەکرێت."