وەزارەتی ئەوقاف سیستمی بەڕێوەبردنی موڵکەکانی بە دیجیتاڵی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵێکی نوێدا بۆ خێراترکردنی کاروباری هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕۆتین، سیستمی بەڕێوەبردنی موڵکەکانی بە دیجیتاڵی دەکات .

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: بەپێی ئەم سیستەمە نوێیە، کرێچییەکانی موڵکەکانی وەزارەتی ئەوقاف دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین چەندین مامەڵە ئەنجام بدەن، لەوانە؛ زانینی بڕی کرێی مانگانە و شێوازی پێدانی، هەروەها  ئاگاداربوون لە ماوەی بەسەرچوونی گرێبەستەکانیان، زانینی کاتی لیژنەی خەملاندن و چارەسەرکردنی کەم و کوڕییەکان بەشێوەی ئۆنلاین.

نەبەز ئیسماعیل ڕاشیگەیاند، ئەم پڕۆژەیە ئێستا لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە، ئامانجی ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتییان و کۆتاییهێنانە بە مامەڵەی کاغەز و نووسین. وا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سەرجەم موڵکەکانی وەزارەتی ئەوقاف لە هەموو کوردستان کاری پێبکرێت،  ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا.