میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان هەڕەشە لە حکوومەتی ئێران دەکات
لێکەوتەی سەپاندنەوەی سزاکان، یەکجار توند و کاریگەر دەبن

دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی بەسەر ئێراندا، بووەتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە لە سەر کۆماری ئیسلامی، ئەگەر لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی ئەورووپا و بەریتانیا ڕێکنەکەون؛ هەرچەندە بەشێک لە بەرپرسان هەوڵی ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێکان دەدەن، بەڵام بە سەپاندنەوەی سزاکان، ئەگەر هەیە حکوومەت و خەڵکی ئێران بەچۆکدا بهێنرێن.
ڕۆژنامەی ئیتلاعات لە ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممە دا، 26ـی ئابی 2025، دەربارەی بابەتی کاریگەریی و لێکەوتەکانی سەپاندنەوەی سزاکان، کە ئەم ڕۆژانە لەلایەن ئەورووپییەکانەوە باس دەکرێت و ئەمەریکاش پشتیوانیی لێ دەکات، وتووێژێکی لەگەڵ عەلی بیگدێلی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیاسەتی دەرەکی کردووە؛ ئەو پێی وایە، یەکێتیی ئەورووپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، سێ لایەنی سەرەکیی گوشارخستنە سەر ئێران پێک دەهێنن. هەر لایەنێک بارتەقای ئەوی دیکە گوشار دروست دەکات، بەڵام شێوازی دابەشکردنی کارەکانیان جیاوازە.
بیگدێلی دەڵێت: کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، ئامرازێکی یاساییە لە بەردەستی ئەورووپییەکاندا. لە ڕووی یاساییەوە، یەکێتیی ئەورووپا ئەم دەسەڵاتەی هەیە و جێگەی سەرسوڕمانە کە بەرپرسانی ئێران دەڵێن "ئەم کارەی ئەورووپا یاسایی نییە!"
هۆشداریشی داوە لەوەی، بە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، وڵاتان ناچار دەبن ئێران سزا بدەنەوە، ڕێگە بە هیچ وڵاتێک نادرێت مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات، کەشتییە ئێرانییەکان لە دەریاکاندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت، گەشتە ئاسمانییە دەرەکییەکانی ئێران ڕادەگیرێن و تەنانەت پاسە ئێرانییەکانیش ڕادەگیرێن و دەپشکێنرێن. بێگومان، بەمەش بارودۆخێکی سەخت بۆ ئێران دروست دەبێت.
بێگدێلی، دەشڵێت "سەپاندنەوەی سزاکان ئێران دەخاتە دۆخێکی دابڕاوە، هاوشێوەی کۆریای باکوور، بەڵام جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە ڕێگە بە ئێران نادات شوێن ئەم ڕێڕەوە بکەوێت. جیهان کاری بە کۆریای باکوورەوە نییە، بەڵام ئێران لە پێگەیەکدایە سیستەمی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە ناتوانن ئێرانی تێدا نادیدە بگرن."
لە بارەی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران و لێکەوتەکانی، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بە کەم سەیرکردنی گرنگیی ئەوەی پێی دەگوترێت 'میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش'، بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە. ئێمە بەتەواوی ئاگەداری کاردانەوە و لێکەوتە نەرێنییەکانی ڕووداوێکی لەو جۆرەین. کاتێک دەڵێین لایەنە ئەورووپییەکان بە هیچ شێوەیەک شایستەیی یاسایی و ئەخلاقییان نییە بۆ پەنابردنە بەر ئەم میکانیزمە، مانای ئەوەیە نەک هەر پشتڕاستی ناکەینەوە، بەڵکوو نیگەرانی شوێنەوارەکانیشی هەین."
بەقایی، گوتیشی: لایەنە ئەورووپییەکان بۆیان نییە ئەم میکانیزمە بۆ گەڕاندنەوەی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەکار بهێنن، بەو مانایەیە ئێمە بەرنامەیەکی ڕوونمان هەیە. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵی بەرفراوان دراوە تا ڕێگری لە ڕوودانی بڕیار یان کردارێک وا بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی پەیوەست بە دۆسەی ئەتۆمی ئێران لە ڤییەننا بەڕێوە بچێت، بەرپرسانی ئێرانی بڕوایان وایە، سوودوەرگرتنی سێقۆڵیی ئەورووپا لە میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکان (Snapback) کارێکی نائەخلاقییە، لە کاتێکدا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەهایەک بە ناوی ئەخلاقەوە نییە و ئەخلاقیبوون لە سیاسەتدا بێمانایە.
کاریگەریی و لێکەوتەکانی سەپاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران چییە؟
بە گوێرەی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی شارەزایان و پسپۆڕانی ئابووری، لە ئەگەری کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، لێکەوتەی یەکجار توند و کاریگەر دەبن و دەکرێت لەم چەند خاڵەدا دەستنیشان بکرێن:
1- فراوانبوونی هەڵاوسان و هاڕەکردنی تومەن:
لە ئەگەر سەپاندنەوەی سزاکان، لە ماوەیەکی کورتدا، هەڵاوسانێکی چاوەڕوان نەکراو بەرۆکی ئێران و خەڵکی وڵاتەکە دەگرێتەوە. ڕاستەوخۆ کاریگەری لە بەرزبوونەوەی بەهای دراوی قورس دەبێت، خواست لەسەر کڕینی زێڕ زیاد دەبێت، ئەمانە و لێکەوتەکانی دیکە، دەبنە هۆی شڵەژانی بازاڕ و کۆمەڵگە و ناسەقامگیری دروست دەبێت، چونکە بەهای تومەن هاڕە دەکات و توانای کڕینی خەڵک لە جاران زیاتر دادەبەزێنێت.
2- سنووردارکردنی توندی داهاتەکانی نەوت و بازرگانیی دەرەکی:
یەکێک لە سەرەکیترین کاریگەرییەکانی ئەم هەنگاوە، کەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئێران دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەشی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چینە، گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت ئەم هەناردەیە بۆ نیوە، یان کەمتر دابەزێنێت و داهاتەکانی حکوومەت سنووردار بکات. سەرەڕای ئەمە، هەموو مامەڵە بازرگانی، ئابووری و سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغە دەکرێت. ئەم پرسە، سزاکانی بانکی، نەوتی، بازرگانی و چەک دەگرێتەوە و تەنانەت هاوردەکردنی کاڵا سەرەکییەکانی وەک دەرمان و خۆراکیش ڕووبەڕووی سەختی و بەرزبوونەوەی توندی نرخ دەکاتەوە. هەروەها، ئەگەری پشکنین و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانەی باری ئێرانییان هەڵگرتووە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا زیاد دەکات.
3- زیانگەیاندن بە بازاڕە داراییەکان و دەرچوونی سەرمایە:
کاردانەوەی بازاڕی بۆرسە بۆ ئەم زەبرە سیاسییە، دابەزینی پێوەر و دەرچوونی سەرمایە دەبێت. پیشەسازییە هەناردەکارییەکانی وەک پترۆکیمیایی و کانزاکان، زۆرترین گوشاریان دەکەوێتە سەر؛ بە شێوەیەکی گشتی، کەشی نادڵنیایی، وەبەرهێنانە بیانییەکان ڕادەگرێت و پرۆسەی دەرچوونی سەرمایە و کۆچی پسپۆڕان خێراتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی داخستنی کۆمپانیاکان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری.
4- گۆشەگیریی بانکی و دارایی:
لەگەڵ گەڕانەوەی سزاکان، ئەو دامەزراوانەی پشتیوانی لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان دەکەن دادەخرێن و پەیوەندییە داراییەکان لەگەڵ بانکە ئێرانییەکان ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توندتر دەبنەوە. ئەم گۆشەگیرییە بانکییە، گواستنەوەی پارە بۆ بازرگانی تا ڕادەیەکی زۆر مەحاڵ دەکات و تێچووی ئاڵوگۆڕەکان بۆ چالاکوانانی ئابووری بە شێوەیەکی زۆر بەرز دەکاتەوە.
5- لێدان لە ئابووریی دیجیتاڵی و پیشەسازیی تەکنەلۆجیا:
بە گوتەی شارەزایان، پیشەسازیی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان (ICT) و ئابووریی دیجیتاڵیی ئێران، زۆرترین زیانیان لە کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بەر دەکەوێت. ئەم هەنگاوە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی (کلاود)، ئەپلیکەیشنەکان، ئامرازەکانی گەشەپێدان، کەرەستەکانی تۆڕ و نیمچەگەیەنەرەکان، سەختتر یان مەحاڵ دەکات. لەبەر ئەوەی ئەم بوارە پشت بە زنجیرە دابینکارییە جیهانییەکان دەبەستێت، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، تەنانەت کۆمپانیا چینییەکانیش، مامەڵەی خۆیان لەگەڵ ئێران سنووردار یان دەبڕن.
6-کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و بژێوییەکان:
لە کۆتاییدا، هەموو ئەم گوشارانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێویی ژیانی خەڵک دادەنێن. پێشبینی دەکرێت بە بچووکبوونەوەی سفرەی خەڵک، چینی ناوەند لە هێڵی هەژارییەوە نزیکتر ببێتەوە. هەروەها، کەرتی تەندروستی و چارەسەر ڕووبەڕووی کەمیی دەرمانی گرنگ بۆ نەخۆشە تایبەتەکان و زیادبوونی گوشار لەسەر سیستەمی تەندروستیی وڵات دەبێتەوە.
هەندێک شیکەرەوە پێیان وایە لەبەر ئەوەی ئابووریی ئێران ئێستاش لەژێر سزای بەرفراوانی ئەمەریکا و ئەورووپادایە، گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی ئابووریی نابێت و زیاتر لایەنی دەروونی و یاسایی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازیی سەرەکی لەوەدایە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گشتگیرن و تەنانەت هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێرانیش وەک چین، بۆ درێژەدان بە هاوکاری ڕووبەڕووی سنووردارکردنی جددی دەکاتەوە.