کێشەی کەمئاوی لە کەمپی کەبەرتوو چارەسەر دەکرێت

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتووانی کەمپی 'کەبەرتووی یەک' لە شنگال بەدەست کێشەی کەمئاوییەوە گرفتاربوون، بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕایدەگەیەنن، کێشەکە لە چارەسەرکردنی کۆتاییدایە و بڕیارە سبەی ئاو بگاتە کەمپەکە.

محەممەد موسا، بەڕێوەبەری ئاوی فەیدییە، بە ماهر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هۆکاری سەرەکیی کێشەی کەمئاوی بۆ وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەگەڕێتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە چەند ڕۆژێکە ئاوی پێویست بۆ دانیشتووانی کەمپەکە دابین نەکرێت."

محەممەد موسا ئاشکرای کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار دینار بۆ ناوچەکە جێبەجێ کردووە. گوتیشی: "خۆشبەختانە پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و ماوەی چوار ڕۆژە کاری تێدا دەکرێت. بڕیارە سبەی کارەکانی پڕۆژەکە بەتەواوی تەواو بکرێت و ئاو دەگاتە ناو کەمپەکە."

بەڕێوەبەری ئاوی فەیدییە دڵنیایی دا کە ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها کێشەی ئاوی کەمپی کەبەرتوو، بەڵکو ئاوی پێنج کەمپی ئاوارەکان لەگەڵ ناحیەی فەیدییە و دەوروبەری دابین دەکات، کە سوود بە نزیکەی 210 هەزار هاووڵاتی دەگەیەنێت.

جێگای ئاماژەیە، ئەم پڕۆژەیە بە چارەسەرێکی بنەڕەتی دادەنرێت و وا دەکات چیتر پشت بە 80 بیری ئاو نەبەسترێت، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکەدا.