دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهور شێخ جەنگی کرد

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: سەردانی لاهور شێخ جەنگیان کردووە و تەندروستی باشە، ڕاشیدەگەیەنێت: لە شەڕەکەی لالەزار، 162 کەس دەستگیرکراون و 5 کەسیش کوژراون.
سێشەممە 26ـی ئابی 2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: سەردانی لاهور شێخ جەنگی و بەشێک لە دەستگیرکراوەکانیان کردووە لەشاری سلێمانی، ڕاشیدەگەیەنێت: شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەڕاسپاردەی سەرۆکی دەستەکە بەو مەبەستە، سەردانی شاری سلێمانیان کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ، شاندەکە لەگرتوخانەی کانی گۆمە چاویان بە لاهور شێخ جەنگی کەوتووە و لەنزیکەوە دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەو ڕێکارەکان پرسیاریان لێ کردووە.
دەڵێت: لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، تەندروستی باشە و لەژورێکی تایبەت دانراوەو تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە، هەروەها بەڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای پەرتوکی کردووە، بۆیە لەئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەوکاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبۆتەوە.
دواتر لاهور شێخ جەنگی داوای کردووە کە دۆسیەکەی بەڕێکاری یاسایی بڕوات و دەستەش چاودێری بکات، هەروەها لەسەر ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە گوتی: زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا وفەرەنسا و حکوومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن.
دەستەی مافی مرۆڤیش ئاماژەیان بەوەدا، مافی لاهور شێخ جەنگییە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرانبەر نەکراوە و هیچ دان پێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە، هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستەکە سەبارەت بە ڤیدیۆ کردن لەکاتی لێکۆڵینەوە، گوتوویەتی: هیچ کامێرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا.
دەستەی مافی مرۆڤ دواتر چاویان بەبەشێک لەدەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهور شێخ جەنگی ناسراون و بەپێی بەدواداچونی شاندەکەی دەستە، ژمارەیان 162 کەسن، ئاسایشیش پێیانی ڕاگەیاندووە، ژمارەی کوژراوەکانی هەردوو لا پێنج کەسن، هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، ڕۆژانە ڕێگە بەبەشێک لەکەس و کاریان دراوە سەردانیان بکەن و شوێنیان باشە لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش. ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژیەک نەبونەتەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەینێت، هەر کەسێکی نادیار و بێ سەرو شوێنە لەو ڕووداوە، دەتوانێت سەردانی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراخ کردنی کەسەکانیان.