قەتەر: هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلین بۆ پێشنیازی ئاگربەست
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلن بۆ ئەوەی بە پێشنیازی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان ڕازی بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە حەماس لە هەفتەی ڕابردوو بە ڕێککەوتنەکە ڕازی بوو.
سێشەممە 26ـی ئابی 2025، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی گوتی: لەباری قبووڵکردنی ئاگربەستی غەززە هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلین، ئاماژەشی دا، لێدوانانەکانیان متمانە بەخشنین.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە، وڵاتانی نێوەندگیر، جگە لە دانوستانەکان، هیچ لێدوانێک بە جددی وەرناگرێن.دووپاتیشی کردووەتەوە، ئێستا بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی ئیسرائیلی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشنیازەی کە لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە کراوە.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی تەواوی غەززە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەوەی خستەڕوو، ئەو بڕیارانە نابنە هۆی هێورکردنەوەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە.
دووشەممە، 18ی ئابی 2025، میدیاکان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بڵاویان کردبووە، شاندی دانوستانکاری ئەو بزووتنەوەیە، ڕازیبوونی خۆی بە پرۆژە پێشنیازی ئاگربەستی شەست ڕۆژەی غەززە بە نێوەندگیرەکان گەیاندووە.
پێشنیازە نوێکە هەڵپەساردنی کاتیی کردە سەربازییەکان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەست ڕۆژ لە خۆ دەگرێت، هاوکات نەخشەڕێگەیەک دەبێت بۆ ئاگربەستێکی گشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ.
ئەو پێشنیازە نوێیەی حەماس پێی ڕازی بووە، پشت بە بیرۆکەیەکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە پێشنیازی ئاگربەستێکی شەست ڕۆژی و ئازادکردنی بارمتەکانی بە دوو کاروان کردووە.