کازم غەریب ئابادی: دەبێت وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا بە دیپلۆماسی کێشەکان چارە بکەن
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی دوامین دانوستانەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا ڕایگەیاند، بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکییەکانی نێوانمان دەبێت دەرفەت بدرێتە دیپلۆماسییەت.
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئابی 2025، لە جنێڤ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا کۆبوونەوەتەوە و لە بارەی سەپاندنەوەی سزاکان و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی گفتوگۆیان کردووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەشی داوە، وڵاتەکەی بە ڕێگا چارەی دیپلۆماسییانە و بەرژەوەندی هەر دوو ڵا پابەندە.
کازم غەریب ئابادی باسی لەوەش کردووە، کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتانی ئەورووپا، بەریتانیا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دروست بدەن و کات و دەرفەت بدەنە دیپلۆماسی.
پێشتر ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ڕایگەیاندبوو: سەرنجمان لەسەر ڕێگریکردنە لەو کار و ڕووداوانەی کە لەوانەیە وڵاتەکەمان بە هۆیانەوە باجێکی قورس بدات.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی ئێران بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیبووی: کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار و ڕاشکاومان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە کرد.
هەروەها ئاماژەشی دابوو، دواهەمین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پرسی سەپاندنەوەی سزاکان سەر ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی تارانیان تاوتوێ کردووە.
پێشتر ئەو سێ وڵاتە ڕایانگەیاندبوو، ئەگەر تاوەکوو مانگی ئاب لەگەڵ ئێران نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک، سزاکانی 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر تاران دەسەپێننەوە.
لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی تاران ڕێک کەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسرابوو.