هاتوچۆی هەولێر: شۆفێری لەژێر کاریگەریی کحول و ماددەی هۆشبەر سزای قورسی بەدواوەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەی یاسای هاتوچۆ، شۆفێرانی ژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان یان ماددە هۆشبەرەکان تووشی سزای قورس دەبنەوە.

عەقید هێمن ئەمین ڕوونی کردەوە، سزاکە بریتییە لە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێک زیاتر نەبێت، یان پێبژاردنێک کە لە 300 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت، یان هەردوو سزاکە پێکەوە. هەروەها، ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماوەی ساڵێک دەستی بەسەردا دەگیرێت و مۆڵەتی لێخوڕینیش بۆ ماوەیەک لە دوو مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێک زیاتر نەبێت، لێ وەردەگیرێتەوە.

گوتەبێژی هاتوچۆ ئاماژەی بەوەشدا، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە لە ماوەی سێ ساڵدا، سزاکە توندتر دەبێت. سزاکە بریتی دەبێت لە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێک زیاتر نەبێت، یان غەرامەیەک کە لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان هەردوو سزاکە پێکەوە. جگە لەوانەش، مۆڵەتی لێخوڕینەکە بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە ساڵێک زیاتر نەبێت، هەڵدەگیرێتەوە.