بەگوژمەی حەوت ملیار دینار چەند پرۆژەیەکی ڕێگاوبان بۆ سنووری ڕانیە جێبەجێ دەکرێن
بەهۆی جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی ڕێگاوبان، کە لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێم دەکرێت، ڕانیە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.
چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ئەحمەد مەلا وسو، سەرۆکی شارەوانی ڕانیە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای پەراوێزخستنی ڕانیە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، ئێستا ڕانیە ئاوەدانییەکی باشی بەهۆی کۆمەڵێک پرۆژە کە لەسەر بودجەی حکوومەتی کوردستان و چەند پڕۆژەیەکیش لەسەر بودجەی وەبەرهێنەران جێبەجێ دەکرێت، بینیوە.
ئەحمەد مەلا وسو ڕاشیگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی چوار پرۆژەی گرنگی ڕێگاوبان بۆ ڕانیە داوە، گوتیشی: لە نێوان ئەم پرۆژانە دووانیان بریتین، لە پرۆژەی تەواوکردنی شەقامی 60 مەتری، کە بە جێبەجێکردنی ئەم دوو پرۆژەیە ئاستەنگی هاتوچۆ لە شارەکە کەم دەبێتەوە و ئاسانکاریی هاتوچۆ بۆ هەموو سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوکردنی ئەم دوو پرۆژەیە، بە درێژیی پێنج کیلۆمەتر دەبێت و تێچووەکەشی نزیکەی 4.5 ملیار دینار دەبێت.
سەرۆکی شارەوانی ڕانیە گوتیشی: پرۆژەیەکی دیکەی لەکۆی ئەو چوار پرۆژەیەی ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بریتییە لە درێژکردنەوە و تەواوکردنی شەقامی 40 مەتری سەنتەری شاری ڕانیە، کە درێژیەکەی 2.5 کیلۆمەترە، هەورەها 12 گەڕەک لەو پرۆژەیە سوودمەند دەبن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو شەقامەوە هەیە.
جەختیشی کردەوە، پرۆژەیەکی دیکە بریتییە لە کۆنکریتکردنی تەواوی کۆڵانەکانی هەر سێ گەڕەکی هەوار، دابان و ڕزگاری یەک.
ئەحمەد مەلا وسو باسی لەوەش کرد، بەهۆی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە، ڕانیە گۆڕانکارییەکی تەواو بەخۆوە دەبینێت، هاوکات چەندین پرۆژەی دیکە لە بواری جێبەجێکردندان، بۆ نموونە پرۆژەی قیرتاوکردنی پێنج گەڕەک کە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت و نزیکەی 10%ـی قۆناغەکانی بڕیوە.
ڕوونیشی کردەوە، پرۆژەیەکی بەخشین هەیە، کە بریتییە لە دووسایدی ڕانیە-سەرکەپران و 60%ـی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و تا پایزی ئەمساڵ سایدێکی دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
ئەحمەد مەلا وسو گوتیشی: ئەگەر هیچ بەربەستێک نەیەتە پێشەوە دوای بڕینی قۆناغە ڕۆتینیەکان، لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی 60 مەتری دەکرێت. بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێگاوبانەنەی ناوشار و دەرەوەی شار، ڕانیە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی خزمەتگوزاریی.