سبەی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەدەچێت
سبەی دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەدەچێت. گوتەبێژی دادگەی سلێمانیش دەڵێت: ئەگەر سبەی بێتاوانیش دەربچێت، هەر لە زیندان دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک لە دادگەی سلێمانی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سبەی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر سکاڵایەکی شادی نهوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە دانیشتنی یەکەمی دادگادا کە لە 21ـی ئاب بەڕێوەچوو، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و داوای کردووە شایەتحاڵەکانی بانگهێشت بکرێن بۆ سەلماندنی بێتاوانیی خۆی.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە لە دانیشتنی سبەینێدا شایەتحاڵەکانی شاسوار عەبدولواحید ئامادەبن. جەختی لەوەش کردەوە "شاسوار عەبدولواحید تەنیا بەم کەیسە تۆمەتبار نییە، ئەگەر سبەی لە کەیسی شادی ئەنوەر بێتاوان دەربچێت، هەر لە زیندان دەمێنێتەوە، چونکە دەبێت بێتاوانیی خۆی لە هەموو ئەو سکاڵایانە بسەلمێنێت کە لەسەری تۆمار کراون."
شاسوار عەبدولواحید ماوەی 15 ڕۆژە، لە شەوی 12ـی ئابی 2025، لەسەر سکاڵایەکی پەرلەمانتارێکی پێشووی کوردستان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن" دەستگیر کراوە. کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و دادگەی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە چەندین جار ناوبراو بانگهێشت کراوە؛ بەڵام ئامادە نەبووە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.