کشتوکاڵی دهۆک: سماق بووەتە زێرە سوورەکەی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ هەرێمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی لە بەرهەمهێنانی سماقدا بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک ڕووبەری پڕکراو بە سماق گەیشتووەتە 12 هەزار و 550 دۆنم زەوی.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت: پێشبینی دەکرێت کۆی بەرهەمی سماق بۆ ئەمساڵ بگاتە حەوت هەزار و 480 تۆن، بەمەش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی لەسەدا 20 زیادی کردووە و بووەتە زێرە سوورەکەی کوردستان.

دەشڵێت: نرخی سماق لە بازاڕەکانی هەرێمدا زۆر باشە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیاتر گرنگیدان بەم بەرهەمە کشتوکاڵییە. لە هەرێمی کوردستان سێ جۆری سەرەکی سماق بەرهەم دەهێنرێن: سماقی سپی، سوور و بالیکی.

ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوە دا کە نرخی سماقی سپی، دەگاتە نزیکەی حەوت هەزار دینار بۆ یەک کیلۆگرام. بۆ سماقی سوور، نرخەکەی نزیکەی پێنج هەزار دینار و سماقی بالیکی، نرخەکەی لە نێوان پێنج هەزار و نیو بۆ شەش هەزار دینار دایە.
ڕاشیگەیاند، تا ئێستا، هەرێمی کوردستان بڕی 665 تۆن سماقی هەناردەی تورکیا کردووە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ خواستی زۆر لەسەر سماقی کوردی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.

باسی لەوەش کرد، لە ئاکرێ کارگەمان هەیە سماق بەرهەم دەهێنیت و هەناردەی دەرەوەی کوردستان دەکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment