هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکیی خۆی لە پڕۆژەی 'ڕێگەی گەشەپێدان' دەکاتەوە
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان"ـی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی "ڕێگەی گەشەپێدان" لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، گەیشتە بەغدا.
شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ ڕەزاق سەعداوی. وەزیری گواستنەوە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پەیوەندیداری حکوومەتی عێراق کۆبووەوە.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکانیان ئەرێنی بوون و گوتی، "لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، جەخت لەسەر ڕای فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژەی ستراتیژیی 'ڕێگەی گەشەپێدان' کرایەوە."
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە دا "شاندەکە ڕوونی کردەوە کە لە ڕووی تەکنیکییەوە، ڕێگەی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی زێی دیجلە، ڕێگەیەکی کورتترە و تێچووەکەشی کەمترە، هەروەها لە ڕووی ئاسایشیشەوە پارێزراوترە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ڕێگە بیابانییەی کە لایەنەکانی دیکە پێشنیازیان کردووە و دەیانەوێت بە ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلەدا بڕوات."
ئانۆ جەوهەر باسی لەوەش کرد، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ڕاپۆرتێکی ورد و پڕزانیاری پێشکەشی لیژنەکەی بەغدا بکەن، کە تێیدا لایەنە ئەرێنییەکانی تێپەڕبوونی پڕۆژەکە بە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ناحیەی ڕزگاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و لەوێشەوە بەرەو تورکیا، بە وردی دەخرێنەڕوو. هەروەها داواشیان لە لیژنەکە کردووە کە سەردانی شوێنە پێشنیازکراوەکە بکەن.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی لەوە کردەوە "ناکرێت پڕۆژەی 'ڕێگەی گەشەپێدان' بەبێ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەگەر بە هەرێمدا تێنەپەڕێت، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نابێت بۆ ئەوەی بگاتە تورکیا." ئەو گوتی: "ئێمە دەمانەوێت لەبری ئەوەی 10 یان 12 کیلۆمەترێک بە کوردستانەوە تێپەڕێت، بە دەشتی نەینەوادا تێپەڕێت و ئەو پێکهاتە جۆراوجۆرانەی کە لەژێر دەستی داعش نەهامەتی زۆریان بینیوە لەو ناوچەیە، سوودمەند بن لە پڕۆژەکە و دواتر بێتە ناوچەی سیمێل و دهۆک و بەرەو زاخۆ بڕوات."
لەبارەی پڕۆژەی شەمەندەفەریشەوە، ئانۆ جەوهەر ئاشکرای کرد کە لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگی کاری لەسەر دەکەن و کۆمپانیایەکی ئیسپانی دیزاینی بۆ داناوە. هەرکاتێک بارودۆخی دارایی گونجاو بوو، ڕاستەوخۆ دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی، جا چ لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە بێت یان جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ.