ڕۆیتەرز: سبەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەست پێدەکات
چوار دیپلۆماتی ئەورووپی ئاشکرایان کردووە، بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپا هیوا بەخش نەبوون، سبەی یەکەم هەنگاوی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر تاران دەست پێدەکاتەوە.
چوارشەممە 27ی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چوار دیپلۆماتی ئەورووپی بڵاوی کردووەتەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی پێنج شەممە هەر یەکە لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی (E3) ناسراون، میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (سناپباک) بەسەر ئێراندا دەست پێدەکەن.
ئاماژەشیان داوە، هیوادارن ئێران لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدات، تاوەکوو هەنگاوەکانی سەپاندنەوەی سزاکان نەبنە کردەیەکی کۆنکرێتی.
ئەمەش لەکاتێک دایە، دوێنێ سێشەممە وڵاتانی ئەورووپی و بەریتانیا بە مەبەستی چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ شاندی ئێران کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بەر لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم دەرفەت بدەنە ئەو وڵاتە.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوە کردووە، دانوستانەکەی ڕۆژی سێشەممە هیوا بەخش نەبوون و هیچ ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونی ئێران بە یاساکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هێشتا لە چەند هەفتەی داهاتوو دەرفەت دەدەنە ئێران کە پابەندبوونی خۆیان پیشان بدەن.
وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بیناوی پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتنامەی ساڵی 2015 بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەوڵەکانیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران چڕ کردووەتەوە، هەروەها ئاماژەیان داوە، بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی دەرچووە و نزیکە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لای خۆشییەوە ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردوووەتەوە.
دوێنێ سێشەممە کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: لە جنێڤ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا کۆبوونەوەتەوە و لە بارەی سەپاندنەوەی سزاکان و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی گفتوگۆیان کردووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەشی دابوو، وڵاتەکەی بە ڕێگا چارەی دیپلۆماسییانە و بەرژەوەندیی هەر دوولا پابەندە.
هەروەها دەست پێکردنەوەی میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران کە بە سناپباک ناسراوە، لێکەوتێکی کاریگەر و خراپی دەبێتە سەر ئابووری ئێران و بارودۆخێکی سەخت بۆ ئەو وڵاتە دروست دەکات