عەسایب ئەهلولحەق داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دەرچوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا دەکات

بەم زووانە پرسی دواکەوتنی دەرکردنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەبەنەوە پەرلەمان

K24 – ھەولێر:

گرووپی میلیشیاكانی عەسائیب ئەهلولحەقی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، جارێکیدیکە لە پەرلەمان کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دەرچوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەکەن. 

فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری کوتلەی سادقوونی سەر بە عەسائیب ئەهلولحەق رایگەیاند، هەندێک لایەن نایانەوێت هێزەکانی حەشدی شەعبی بمێنن و لە ئەرکەکانیان بەردەوامبن، بەڵام ئێمە رووبەڕووی ئەو لایەنانە دەبینەوە و دژی هەر بۆچوونێکی لەو شێوەیەن.

گوتیشی: ئەمه‌ریکییەکان لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە کار بۆ ناوزڕاندنی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، بەم زووانە پرسی دواکەوتنی دەرکردنی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەبەنەوە ناو پەرلەمان و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.