ئەمەریکا ماوەی ڤیزای خوێندکارانی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنووسان کەم دەکاتەوە
دۆناڵد ترەمپ، دوای دەستبەکاربوونی، هەڵمەتێکی فراوانی لە دژی کۆچبەران دەست پێکردەوە، هاوکات ئیدارەکەی لە نوێترین هەنگاویدا، خوێندکارانی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنووسان ناچار دەکات داوای درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەیان لە ئەمەریکا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر دژ بە کۆچبەری یاسایی پێشنیازی ڕێسایەکی کردووە، کە ماوەی ڤیزای خوێندکاران و ئەندامانی میدیا کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی ڕێسا پێشنیازکراوەکە بۆ ڤیزای F بۆ خوێندکارانی نێودەوڵەتی، ڤیزای J کە ڕێگە بە سەردانکەرانی پرۆگرامەکانی گۆڕینەوەی کولتووری دەدات لە ئەمەریکا کار بکەن، و ڤیزای I بۆ ئەندامانی میدیا ماوەیەکی دیاریکراو دادەنێت، بە شێوەیەک ماوەی ڤیزای خوێندکاران نابێت لە چوار ساڵ زیاتر بێت، هەروەها ڤیزای ڕۆژنامەنووسان کە ئێستا ماوەکەی بۆ درێژخایەنە، دەبێتە نزیکەی 240 ڕۆژ، هاوکات دەتوانن داوای درێژکردنەوە بکەن.
ئیدارەی ترەمپ لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، لە ڕێگەی ئەو ڕێسایە پێشنیازکراوە، دەتوانن باشتر چاودێری هەڵگرانی ڤیزا بکەن.
بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی ئەمەریکا، لە ساڵی 2024 نزیکەی ملیۆنێک و 600 هەزار خوێندکاری نێودەوڵەتی بە ڤیزای F لە ئەمەریکا بوون، هاوکات ڤیزای بە نزیکەی 13هەزار ئەندامی میدیا دابوو.
هەر لەم چوارچێوەیە، پێشتر ئیدارەی ترەمپ ڤیزای خوێندکاران و کارتی سەوزی خوێندکارانی زانکۆ بەهۆی بۆچوونە جیاوازە ئایدیۆلۆژییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.