لە کابینەی نۆیەم زیاتر لە 11 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین پاککراوەتەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە کابینەی نۆیەم کارێکی بەرچاوی بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی بە مین و تەقەمەنییەکان چێنراون بەجۆرێک 52 کێڵگەی مین پاککراونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، توانیویەتی زیاتر لە 11 ملیۆن و 373 هەزار و 50 مەتردووجا زەوی لە مین پاک بکاتەوە.
ئاماژە بەوە کراوە، 52 کێڵگەی مین بە تەواوی پاک بکرێنەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە، کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەبووە.
هەروەها زیاتر لە 20 هەزار و 856 مین، لەگەڵ زیاتر لە 125 هەزار و 627 پارچەتەقەمەنیی دیكەی پاشماوەی جەنگ، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوون لەسەر سەلامەتیی خەڵک.
دەزگای گشتیی کاروباری مین هەڵمەتێکی چڕی هۆشیارکردنەوەی دەست پێکردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی مەترسیی مین و تەقەمەنی بە هاووڵاتییان. تیمەکانی هۆشیاریی ڕۆژانە لە گەرمیانەوە تاوەکوو زاخۆ، سەردانی ناوچە سنوورییەکان و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە نزیک کێڵگە مینەکانن، بۆ ئەوەی زانیاریی پێویست بە خەڵک بگەیەنن و ڕێنماییان بکەن، كە چۆن خۆیان بپارێزن.
جەخت لەوە کراوە، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە کاتی بینینی مین و تەقەمەنی، یان لە حاڵەتی هەبوونی هەر مەترسییەک، بەپەلە پەیوەندی بە ژمارە (182) بکەن. ئەم ژمارەیە هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مینە و دەتوانن بێبەرانبەر پەیوەندی پێوە بکەن و دەزگاکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.
هاوکات، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، لە کوێستانی "خواری میران" لە بناری چیای هەڵگورد، لە سنووری قەزای چۆمان، ژمارەیەک مین بە چەند هاووڵاتییەکدا تەقینەوە و بەهۆیەوە گەنجێک تەمەن 25ساڵان بەناوی کارزان میرزا گیانی لەدەستدا.