وەزارەتی دارایی: 120 ملیار دیناری کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیرانی ساڵی ( 2025) کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاب، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، رەنگە ڕۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووـەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. گوتیشی: هەر کاتێک وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ مووچەی نارد، ئەوە ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، یەکێک لە تەوەرەکان، پرسی مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕاسپێردرا بوو بۆ ئەوەی دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات، نووسراوەکەی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕێکارێکی دیکەی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو، چاوەڕوان دەکرێت پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.