شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا: هیچ مەترسییەکی ئەمنی لەسەر عێراق نییە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق وەڵامی تویتێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدای دایەوە کە نیگەرانی خۆی لە جمجۆڵی ڕێکخراوی داعش و قاعیدە لە ناوچەکە دەربڕی بوو و جەختی کردبووەوە، دۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتە جێگەی نیگەرانی نییە.

لەو بارەوە لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، "ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات بوونی خۆی لە وڵاتانی جیاوازبسەلمێنیت، بەڵام لە دۆخی ئێستای عێراقدا، توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن، یان  ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانیان نییە و ناتوانن دامەزراوە حکوومیەکان بکەنە ئامانج."

ئاماژەی بەوەش کرد، هەماهەنگی هەواڵگریی و ئەمنی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دژ بە تیرۆر نەوەستاون و بەردەوامن.

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی گوتیشی: ئاسایشی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بەهێزە، کە لەلایەن سوپا و پاسەوانی سنوور و دەزگا ئەمنییەکانەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، جەختیشی کردەوە "هیچ نیگەرانییەکی ئەمنی نییە."

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە 23ـی ئابی 2025، لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' بڵاویکردەوە و نیگەرانی خۆی دەربڕی لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و فراوانبوونی ناوچەی داعش و قاعیدە، ئاماژەی بەوەش دا، واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەردەوامە لە شەڕی دژە تیرۆر.

ئەم قسانەی ئەمەریکا، هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی قۆناغی یەکەمی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق، کە کاروانێکی سەربازیی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە بنکەی عەین ئەسەد بەرە و سووریا کشایەوە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment