ئومێد ئەحمەد: بەهۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە زیاتر لە سێ هەزار و 222 مۆلیدە کوژاوەتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، کارەبای 24کاتژمێری گەیشتووەتە تەواوی سەنتەری شارەکان و بە تەواوی پارێزگای هەڵەبجەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ یەکەمجار لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزگای هەڵەبجە بە تەواوی شارۆچکە و شارەدێ و سەنتەری شارەکەوە بووە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: ئێستا خەریکی چاککردنی زۆنە تازەکانی پارێزگای هەولێرین، نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتیی و یەک ملیۆن هاوبەش سوودمەندبوونە لە پرۆژەی ڕووناکی، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا هەیە دەکاتە 50٪، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە، تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان ببیتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری، هەروەها تیمەکان زۆربەباشی کاردەکەن و هەماهەنگییەکی زۆر لەنێوانیان هەیە.
ئومێد ئەحمەد، گوتیشی: زیاتر لە سێ هەزار و 222 مۆلیدە کوژاوەتەوە، پلان وایە دوای شەش مانگ بمێنەوە بۆ ئەوەی لەکاتی دروستبوونی هەر کێشەیەکی تەکنیکی هاوکارمان بن، دوای شەش مانگ سەرجەم مۆلیدەکان بەیەکجاری هەڵدەگیرێنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمشەو سەنتەری پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی بە تەواوی بوونە 24کاتژمێری، تاوەکوو دەگاتە هەموو هەرێمی کوردستان ڕەنگە هەندێکجار گرفتی پچڕانی کاتی کارەبا ڕووبدات، بەڵام هەمووی چارەدەکرێت و لە داهاتوو هیچ کێشەیەکی نامێنێت.
باسی لەوەش کرد، دیاریکردنی نرخی کارەبای 24ـی کاتژمێری لە هەڵەبجە وەک تەواوی شوێنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر داوە و لە ئەگەری گۆڕانکاری لە نرخەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر دەدات.
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە، ، مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان ڕایگهیاند، نزیكهی چوار ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و 115 هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی ڕووناکییان هەیە.
سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان دهڵێت: بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجەی خۆشەویست یەکەم پارێزگایە بەتەواوی کارەباکەی بووەتە 24 کاتژمێری و پیرۆزە لە کوردستان.