هاتوچۆی سلێمانی: هەردوو فڕۆکەوانەکە تەندروستیان جێگیرە

هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، هەردوو فڕۆکەوانەکەی ئەو هێلیکۆپتەرەی لە شاخی هەڕووتە کەوتنە خوارەوە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار و تەندروستیان جێگیرە و یەکێکیان چارەسەری تەندروستی بۆ دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هاتوچۆی سلێمانی هاتووە، لە میانەی هەوڵی ڕزگارکردنی شۆفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێک، کە بە ڕووداوێکی هەڵدێران، کەوتبووە خوارەوە لە شاخی هەڕووتە، فڕۆکەیەکی فریاگوزاریی لەو کاتەدا تووشی هەڵەیەکی تەکنیکی بووە و کەوتۆتە خوارەوە. 

هەروەها ئاماژەیداوە، سەرجەم تیمەکانی لایەنی پەیوەندیدارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە شوێنی ڕووداوەکەن و تەرمی ئەو هاوڵاتییەی تووشی ڕووداوەکە بووبوو، گوستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری. 

هاوکات هەردوو فڕۆکەوانەکەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار، کە یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بەناوی عەمید حوسێن فەیزوڵڵا باری تەندروستییان جێگیرە و لە قۆناغەکانی وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیدان.

هاتوچۆی سلێمانی هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، سوپاسی هاووڵاتیان و ئەو لایەنانە دەکات، هاوکاربوون لە گواستنەوەی تەرمی قوربانی ڕووداوەی هەڵدێرانی ئۆتۆمبێلەوە و بریندارەکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەحمەد خەمزەیی تەمەن 52 ساڵ، ناوی ئەو هاوڵاتییەیە کە بە ئۆتۆمبێلەوە لە شاخ هەڵدێراوە و گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکەیەوە هێلێکۆپتەرێکی فریاگوزاریی سلێمانی چووە بۆ هێنانەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییە و بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە هێلیکۆپتەرەکە کۆنترۆڵی لە دەستداوە و کەوتووەتە خوارەوە.