قەیرانی ئاو لە شارباژێر؛ چەمی 'سنکێ' پاش 70 ساڵ وشکی کردووە
وشکەساڵی کێشەی بۆ هاووڵاتییانی شارباژێر دروست کردووە. بە گوتەی خەڵكی ناوچەکە، لە ماوەی 70 ساڵی ڕابردوودا قەیرانێکی لەم جۆرەی ئاویان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
لە سنووری پارێزگای شارباژێر، چەمی سنکێ (واژە)، کە سەرچاوەی ئاوی چەند گوندێکی دەوروبەری بوو، نزیکەی 20 ڕۆژە بەهۆی کەمی بارانبارین و وشکەساڵییەوە بەتەواوەتی وشکی کردووە و هیچ ئاوی تێدا نەماوە. ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر بۆ دانیشتووی گوندەکان.
عەبدوڵڵا عەزیز، دانیشتووی گوندی واژە، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ماوەی نزیکەی 20 شەو دەبێت کە چەمەکە وشکی کردووە. لە ئێستادا خەریکی کۆڵینی (حەفرکردن)ی چەمەکەن و تا نزیکەی شەش مەتری ژێر چەمەکە نەگەیشتوونەتە ئاو، کە ئەمەش تێچووێکی زۆری دەوێت و ئاوەکەشی زۆر کەمە.
عەبدوڵڵا عەزیز گوتیشی، ئەم چەمە تا نزیکی دوکان سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 50 گوند بووە. ئێستا دانیشتووانی گوندەکەی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان و ناچارن هەموو دوو ڕۆژ جارێک بە بڕی 25 هەزار دینار ئاو بکڕن، بە تایبەتی ئاژەڵدارەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، کەسە بەتەمەنەکانی گوندەکەیان دەڵێن، لە 70 ساڵی ڕابردوودا هیچ کات بارودۆخی وایان نەبینیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی وشکەساڵیی ئەمساڵ یەکێکە لە سەختترین وشکەساڵییەکانی مێژووی نزیکی ناوچەکە.
ناوچەی شارباژێر، دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، بە ناوچەیەکی شاخاوی و نیمچە شاخاوی ناسراوە و پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستێت. سەرچاوەکانی ئاوی ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە بارانبارین و چەم و ڕووبارە وەرزییەکان دەبەستێت.