لقی زاخۆی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بازاڕێکی کاری دەستی بۆ ژنان کردەوە
لقی زاخۆی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پشتگیریکردنی ئافرەتان و تواناکانیان، بازاڕێکی دوو ڕۆژەی بۆ نمایشکردن و فرۆشتنی بەرهەمە دەستییەکانیان کردەوە. ئەم بازاڕە کە لە ناوەندی شارەکەدا کراوەتەوە، 22 ئافرەتی بەهرەمەندی لە خۆ گرتووە، کە بەرهەمە دەستییەکانی خۆیان نمایش دەکەن.
ئەم بازاڕە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی یەکێتیی ئافرەتان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و پشتگیریکردنی ئابووریی ئافرەتان لە ناوچەکەدا، بەرهەمە نمایشکراوەکان بریتی بوون لە خواردنی کوردەواری، کاری دەستی، شیرینی، جلوبەرگی نەخشێنراو و چەندین بابەتی دیکەی کولتووری.
سیهام سەڵاح، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لقی زاخۆ، بە کوردستان 24ی گوت، ئامانج لەم چالاکییە، نەک تەنیا فرۆشتنی بەرهەمەکانە، بەڵکوو هاندانی ئافرەتانە بۆ ئەوەی بێنە نێو بازاڕی کار و تواناکانی خۆیان نیشان بدەن، هەروەها ناساندنی کولتوور و کەلەپووری کوردییە بە سەردانکەران.
یەکێک لە بەشداربووان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بازاڕە زۆر گرنگە بۆ ئافرەتانی دەست ڕەنگین، چونکە دەرفەتێکی باشە بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان و پەیداکردنی داهات. هەروەها ژنێکی دیکە کە کاری چنین دەکات، گوتی: ئێمە لێرە بەرهەمەکانمان دەفرۆشین و خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن، ئەمەش هانمان دەدات کە بەردەوام بین.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەردەوامە لە ئەنجامدانی چالاکی هاوشێوە لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگادا.