ترەمپ: کۆبوونەوەی سێقۆڵی دەکرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان زێلێنسکی و پوتن دڵنیا نیم
سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە سەربازانی وڵاتەکەی لە دابین کردنی گەرەنتی ئەمنی ئۆکرانیا بەشداربن، دەشڵێت، ڕەنگە کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا نەکرێت.
شەممە 30ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەیڵی کۆڵەر کە دوێنێ هەینی کراوە گوتی: کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی دەکرێت، بەڵام لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان ئەو دوو سەرۆکە دڵنیا نیم. دەشڵێت، هەندێک جار پێویستە ڕێگەیان پێ بدەین شەڕ بکەن تاوەکوو ماندوو دەبن و خۆیان کۆتایی بە جەنگەکەیان بهێنن.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، چیتر پارە لە جەنگ خەرج ناکەن و پشتگیری دارایی ئۆکرانیا ناکەن و چەکیان پێ نادەن، بەڵکوو چەک و کەلوپەلە سەربازییەکان دەفرۆشنە ناتۆ و ئەوان بە ئۆکرانیای دەدەن.
باسی لەوەش کرد، ئەورووپا گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات، بۆ ئەمەش هاوکاری ئەوان دەکەین و ڕەنگە لە هێزی ئاسمانییەوە هاوکارییان بکەین، هاوکات ڕەتیشی کردەوە کە سەربازانی ئەمەریکا بچنە ئۆکرانیا و گەرەنتی ئەمنی ئەوێ بپارێزن.گوتیشی: دەمەوێت ئەو جەنگە کۆتاییبهێت چونکە هەفتانە هەزار کەس دەکوژرێت.
ڕۆژی دووشەممە 18ی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ و زێلێنسکی لە کۆشکی سپی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، ئەلێکساندەر ستەبی، سەرۆک فینلەندا، جیۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، کییەر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ ڕایگەیاندبوو، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن کردووە، پوتنیش ڕەتی نەکردووەتەوە.
هەروەها کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە دەرەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 لە نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا کرا.