"موفتی داعش" له كه‌ركووك ده‌ستگیركرا
دووبرا و ئامۆزایه‌كی چه‌كداری داعشن
K24 – هه‌ولێر:
هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه كه‌سێكیان ده‌ستگیركرد، كه پێشتر وه‌ك "موفتی داعش" له سنووری پارێزگای كه‌ركووك خۆی ناساندووه.
ئاژانسی هه‌واڵگریی ئیتیحادی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "هه‌واڵگری پۆلیسی ئیتیحادی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ، له بۆسه‌یه‌كدا، تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركردووه، كه یه‌كێكه له به‌رپرسانی رێكخراوی داعش له سنووری كه‌ركووك و موفتی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه بووه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌و تۆمه‌تباره به گوێره‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی چواری تیرۆر ده‌ستگیركراوه. پێشتر وه‌ك موفتی گرووپه چه‌كدارییه‌كانی داعش كاریكردووه و له یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌دا، دانی به‌وه‌دا ناوه ئه‌ندامی رێكخراوی داعش بووه".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، "ئه‌و ده‌ستگیركراوه، خێزانه‌كه‌شی سه‌ر به داعشن و دوو برا و ئامۆزایه‌كی له ریزی داعشدان و خوشكێكیشی هاوسه‌ری یه‌كێك له میره‌كانی داعشه له سنووری پارێزگای كه‌ركووك، كه رێكخراوی داعش له په‌یكه‌ری رێكخستنی خۆیدا به ویلایه‌ت ناوی ده‌بات".